کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژێمی ئێران شکستی خۆی لە دەست هێزی پێشمەرگە بە درۆ و چەواشە قەرەبوو دەکاتەوە

23:45 - 27 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە پارێزگای ورمێ بۆ قەرەبووی شکست و دۆڕانی خۆیان بە دەست هێزی پێشمەرگەوە، دەستیان داوەتە پڕۆپاگەندا دژی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستانی میدیا، دوای ئەوەیکە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی ڕابردوو لە نێوان گوندەکانی قەرەسەرقەل و سەرگیز هێرشیان کردە سەر تیمێکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و شکستێکی قورسیان لە هێزی پێشمەرگە خوارد و چەندین کوژراو و برینداریان دا، دەستیان داوەتە درۆ و چەواشەکاری بۆ ڕووخاندن و دابەزاندنی ورە و ئیرادەی هێزی پێشمەرگە و خەڵک.

بەپێی ئەو هەواڵانە ڕێژیمی ئێران لە ڕاگەیەنەکانی خۆی بڵاوی کردووەتەوە کە لە شەڕ و پێکدادنەکانی ڕۆژی ڕابرددو لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە ١٢ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەهید کراون.

ئەو هەواڵ و لێداونانەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە هێزەکانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران شکستێکی قورسیان لە هێزەکانی پێشمەرگە خواردووە و چەندین کەس لە هێزەکانی ڕێژیم و چەند جاشی ئەو ناوچەیەش کوژراون.

ڕێژیمی ئێران هەروەها بۆ تێکدان و دابەزاندانی ورە و ئیرادەی خەڵک بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستی داوەته چەواشەکارییەکانی و ڕێژیمی ئێران باس لە شەهیدبوونی پێشمەرگەکان دەکات و ئەوەش تەنیا بۆ قەرەبووی زیانی مەعنەوی و ماددیی خۆیەتی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، تیمی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە و ساغ و سەلامەتن.