کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک لەبەسیجییەكانی شاری پیرانشار رەوانەی تاران كران

17:09 - 19 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: سپای پاسدرانی رێژیم ژمارەیەك لەبەسیجییەكانی شاری پیرانشاری رەوانەی شاری تاران كردووە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، سپای پاسدرانی رێژیم لەشاری پیرانشار دەنگۆی ئەوەی بڵاو كردۆتەوە، كە ئەو بەسیجیانە بەمەبەستی زیارەتی مەرقەدی خومەینی رەوانەی تاران كراون.
هەر لەو پێوەندییەدا سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردستان میدیای راگەیاند، ئەو كەسانەی كە بۆ شاری تاران رەوانە كراون لەدەست و پێوەندییەكانی رێژیم و بەسیجی فعالن.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستە روو، ئەو بەسیجیانە لەشاری تاران بەچەك و باتۆم تەیار كراون و بەمەبەستی سەرهەڵدانی هەر چەشنە ناڕەزایەتێك لەهەڵبژاردنەكاندا كەڵكیان لێ‌وەردەگیرێت.
ماوەی چەند رۆژ لەمەوبەر لەشارەكانی كوردستانی رۆژهەڵات رێژیمی ئێران بە خاوەن ئوتووبووسەكانی وتبوو، هەر ماشێنێك خەڵكی بۆ مەرقەدی خومەینی لەتاران بگوازێتەوە سێ‌میلیۆن تمەنی پێ‌دەدرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەرێگای دەست و پێوەندییەكانیەوە داوای لەخەڵكی شارەكانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار و نەغەدە كردبوو، كە ئەگەر هەر كەسێك ئامادە بێت سەردانی گۆڕی خومەینی بكات، بڕی ٥٠ هەزار تمەنی پێ‌دەدرێت.