کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لە بارودۆخێکی خراپدان

22:33 - 18 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ناوەندە میدیایی و هەواڵنێرییەکانی ڕێژیم ڕاپۆرتی ناڕاست لەبارەی بارودۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان بڵاودەکەنەوە.

تەیبە سیاوەشی ئەندامی فراکسیۆنی ژنانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی ڕاپۆرتەکانی حكومەت لەبارەی بارودۆخی ژنانی بوومەلەرزەلێدراو وەک خۆیان باسی لێوە ناکرێت و ڕاستییەکان شتێكی دیکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری ئیلنا، تەیبە سیاوەشی ئەو ڕاپۆرتە بڵاوکراوانەی ناوەندەکانی حکومەت لەبارەی بومەلەرزەلێدراوانی بە جێگەی داخ زانیوە و وتوویەتی: راپۆرتەکانی ڕێژیم وێنایەکی زۆر باش لە ژنانی بوومەلەرزەلێدراو نیشان دەدەن کە لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نییە .

بەپێی قسەی ئەم نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم ئەوان ڕاپۆرتگەلێکیان لەبارەی بارودۆخی ژنانی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان پێگەیشتووە کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە ژنان لەبارەی بێهداشت بە تایبەتی دەستڕاگەیشتن بە توالێتەکان کێشەیان هەیە. هەروەها دەستڕاگەیشتنی پێویستی پزیشکی بە ژنانێك کە منداڵییان بووە نییە و مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی هەیە.

بەپێی ڕاپۆرت و هەواڵە بڵاوکراوەکان هیچ ناوەندێکی تایبەت بە پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی بومەلەرزەلێدراوەکان لە کرماشاندا بوونی نییە.

بەهۆی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم لە بارودۆخی بوومەلەرزەلێدراوان مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ئێپیدیمییەکان لە سەرێیە و لەباری تەندروستی و بێهداشتەوە بارودۆخی خەڵکی لە مەترسیدایە.

لە ڕێکەوتی ٢١ خەزڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بوومەلەرزەیەکی ٧.٣ ڕیشتێری زەوی کرماشانی هەژاند کە بووە هۆی وێرانبوونی بینا و خانووبەرەی خەلکی ئاسایی و بینا دەوڵەتییەکانی وەک نەخۆشخانەکان، کە زیاتر لە ٦٠٠٠ هەزار کەس گیانیان لە دەستدا و بە هەزاران کەسیش بێ ماڵ و حاڵ بوون.

دوای تێپەڕبوونی ٧ مانگ لە بوومەلەرزەی کرماشان هێشتا زۆرێک لە خەڵکی ئەم ناوچانە لە ناو چادرەکاندا دەژین و لە پێداویستییە بێهداشتی و تەندروستییەکان بێبەرین.