کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێكی براوەی خەڵاتی ئاشتی \"نوبل\" خوازیاری پشتیوانی كۆمەڵگەی جیهانی لەنەتەوەی عەرەبی ئەهواز بوو

17:13 - 21 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: توكل كرمان ژنی یەمەنی براوەی خەڵاتی ئاشتی نوبێل داوای لەكومەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە بەهانای نەتەوەی عەرەب لەئەهوازەوە بچن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، توكل كرمان كە براوەی خەڵاتی ئاشتی ساڵی ٢٠١١یە داوای لەكومەڵگەی جیهانی كردووە، كە كۆتایی بەئیعدام و دەسبەسەركردنی هاووڵاتیانی عەرەبی ئەهوازی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، بهێنرێت.
ئەو ژنە یەمەنیە وتوویەتی من هاودەردی و پێشتیوانی خۆم لەنەتەوەی عەرەبی ئەهواز دەردەبڕم و ئەو ئەشكەنجە و گرتن و لەسێدارەدانانەی هاووڵاتیانی عەرەب لەلایەن ئێرانەوە بەتوندی مەحكووم دەكەم.

ئەو چالاكەی مافی مرۆڤە لەكاتێكدا ئەو پشتیوانیەی خۆی راگەیاندووە، كە هەنووكە پێنج چالاكی عەرەبی ئەهوازی مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و بەپێی هەواڵەكانی چالاكانی مافی مرۆڤی ئەهواز، چواری دیكەش حوكمی ئیعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو هاووڵاتیانە لەلایەن لقی ٢‌ی دادگای ئینقلابی ئەهوازەوە بەتۆمەتی محاربە و پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ئێران بە ئیعدام مەحكووم كراون.

توكل كرمان ساڵی ١٩٧٩ لەپارێزگای تەعز لەیەمەن لەدایك بووە و هەنووكە كاری رۆژنامەوانی ئازاد دەکات و لەبواری مافی مرۆڤیشدا زۆر چالاكە.

ئەو ژنە یەمەنیە چوارەمین هاووڵاتیی عەرەب و یەكەمین ژنی عەرەبە كە خەڵاتی ئاشتی نوبێلی وەرگرتووە.