کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنە چالاکێکی کورد لەلایەن دادگای بۆکانەوە سزای ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

20:41 - 26 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: شەهین بایزید پوور ژنە چالاکی کورد و ئەندامی پێشووی شۆرای شاری بۆکان، لەلایەن دادگای بۆکانەوە بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.


ئاژانسی هەواڵی موکریان بڵاوی کردەوە، تۆمەتی بایزیدپوور ئەمنیەتی راگەیەنراوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە وردەکارییەکانی ئەو پەروەندە هیچ زانیارییەک بڵاو نەبووەتەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە هێزە ئەمنیەتییەکان ئەو ژنە چالاکەیان ٥ مانگ پێش ئێستا لە ماڵی باوکی لە بۆکان دەسبەسەر کردووە و کامپیۆتر و کەلوپەلی شەخسیی ناوبراویشیان زەوت کردووە.
شەهین بایزیدپوور پاش دەسبەسەر کران بۆ ماوەی یەک مانگ لە دەسبەسەرگەی ئیتلاعاتی بۆکان لێپرسینەوەی لێکراوە و پاشان بۆ زیندانی ئورمیە راگوێزراوە و پاش ماوەیەکی دیکە رەوانەی زیندانی مەهاباد کراوەتەوە.
ئەو ژنە چالاکە هەنووکە لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی مەهاباد دایە و چەند رۆژ پێش ئیستا حوکمەکەی پێ راگەیەنراوە.