کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژیاننامەی شەهیدان کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت سەمەدی

19:21 - 18 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: ژیاننامەی دوو ڕۆڵەی قارەمانی دێموکرات، شەهیدانی هەمیشە زیندوو، شەهید کاوە جەوانمەرد و سەرکەوت سەمەدی.

شەهید داوود جەوانمەرد ناسراو بە \'\'کاوە کوڕی شەهید نەجمەدین جەوانمەرد\' لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە شاری سنە لە دایک بوو خوێندنی تا وەرگرتنی مەدرەکی دیپلم درێژە دا. تەمەنی ٥ ساڵان بوو کە باوکی وەک ئەندامی حیزب لە لایەن دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کرا و پاش بەسەردا سەپاندنی حوکمی ئیعدام شەهید کرا.

شەهید کاوە جگە لە کارکردن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵە ئۆگرێکی تەواوی بە کاری سیاسی و ڕێبازی پڕ سەروەری باوکی هەبوو ئەو هەستەی لە ڕێگای ڕۆژنامەوانییەوە چالاکانە پێڕە و کرد و لە هەمانکاتدا یەکێک لە هەلسووراوانی بزووتنەوە ئیعترازییەکانی ناوشار بوو.

سەرئەنجام ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی لە ڕێگای هاوڕێیانی تەشکیلاتی ناوشاری سنەوە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گرت و پاش وەرگرتنی شانازی ئەندامەتی ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانی بە باشی و بە لێوەشاوەییەوە لە نێوخۆی کوردستان بە جێی گەیاند و هەر بە تاوانی ئەو چالاکییانە لە ساڵی ١٣٨٤ دەستبەسەر و زیندانی کراو و حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بە تاوانی چالاکی سیاسی و مەدەنی بەسەردا سەپێندرا. پاش ئازادبوون لە زیندان ئەرکی کاری تەشکیلاتی و ڕێکخستنی لە ناو شاری سنەی وەئەستوو گرت و ئەو ئەرکەی بە باشترین شێوە بەڕێوە برد و دەورێکی چالاکی لەو ئەرکەدا گێڕا.

ساڵی ١٣٨٨ی هەتوای بە هۆی ئاشکرابوون و ئەگەری زیندانی کردنی دووبارە خۆی گەیاندە ڕێزی پێشمەرگەکانی حیزب و پاش بەشداری لە دەورەی ١٩٣ی سەرەتایی پێشمەرگە لە بەهاری ١٣٨٩ی هەتاوی بە فەرمی بەرگی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی پۆشی.

شەهید کاوە لە درێژەی کار و چالاکیی حیزبدا گەلێک ئەرکی وەئەستۆ گرت وەک ئیدارە و سەرپەرەستیی ماڵپەڕەکانی حیزب و بە هۆی لێوەشاوەییەوە لە کۆنگرەی ١٥ی حیزبدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا. پاش بوونی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەرکی بەرپرسایەتی تیشک تی ڤی لە کوردستان وەستۆ گرت و خزمەتێکی شایانی لەو بوارەدا ئەنجام دا لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی بەرپرسایەتی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی پێ ئەسپێردرا و لەو ئەرکەشدا شیاوی خۆی نیشاندا بەداخەوە ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی لە ئاوایی بۆڕییەر لەگەڵ هاوسەنگەرەکەی شەهید سەرکەوت سەمەدی شەهید کرا.

ژیاننامەی شەهید سەرکەوت سەمەدی

شەهید سەرکەوت سەمەدی کوڕی یونس ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە گوندی سەروماڵی سەوڵاوا لە دایک بوو، خوێندنی تا دەورەی دەبیرستان درێژەدا و بەهۆی وەزعی بنەماڵەی ناچار بەدەست هەڵگرتن لە خوێندن دەبێ و شان وەبەر کاروکاسبی دەدا لەو بوارەدا لە چەند شاری دوور و نزیک وەک تاران و مەشهەد کاری کرد. یەکەم چالاکی سیاسی بەشداریێکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆز و هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە ساڵی ١٣٧٤دا بوو کە بەو هۆیەوە دەستگیر دەبێ.

ساڵی١٣٧٨ی هەتاوی بە ڕەسمی هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پاش تێپەرکردنی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە کاروتێکۆشانی لە فێرگەی سیاسی ـ نیزامی حیزب دەست پێکرد کە لەو پێوەندییەدا چەندجار بەهۆی کار و چالاکی بەرچاو ڕێزی لێگراوە. کاک سەرکەوت بەهۆی چوونە سەری پلەی زانیاری سیاسی لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاویدا پاش تێپەرکردنی دەورەی سیاسی پلەی کادری پێ بەخشرا و بەرپرسایەتی جێگری بەرپرسی فێرگەی وەئەستۆ گرت و هاوکات جێگری فەرماندی هێزی تایبەت بوو و لەو بوارەشدا شیاوی و لێهاتوویی خۆی بە تەواوی دەرخست. شەهید سەرکەوت لە ساڵی١٣٩١ی هەتاوی پلەی کادری دەرجە ٣ی وەرگرت و بەداخەوە ڕۆژی ١٥ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی شەهید بوو.

باشترین پاداش بۆ شەهیدان درێژپێدانی ڕێگایانە
دکتور قاسملو

ڕێگای شەهیدان پڕ ڕێبورا بێت.