کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتن: رێژیمی ئێران، حکوومەتێکی وەکوو داعشە

16:23 - 25 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: سێناتورێکی کۆماریخوازی ئامریکا رێژیمی ئێرانی سەرەکیترین پشتیوانی چەک و چۆڵ و بواری ئابووری رێکخراوە تیرۆریستییەکان ناو برد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێودەوڵەتییەکان، تام کاتێن، سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا لە وتاربێژییەک لە بینای هریتج، رێژیمی ئێرانی سەرەکیترین پشتیوانی چەک و چۆڵ و سەرچاوەی ماڵی و ئابووری رێکخراوە تیرۆریستیەکان لە قەڵەم دا.

تام کاتێن لە قسەکانیدا ئاماژەی بە یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئێران، ئەرتەش و سپای پاسداران وەک بەرپرسی جێبەجێ کردنی ئەرکی ئیدئولوژیکی جیهاد لە رێگای خودا، بە مانای بەربڵاو کردنی حکوومەتی یاسای خوداوەند لە سەرتاسەری جیهان کرد و رایگەیاند کە رێژیمی ئێران وەکوو داعش لەگەڵ رۆژئاوا لە شەڕ دایە.

وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی ئوبامایش جەختی لە سەر ئەوە کرد کە رێژیمی ئێران هەتا ئیستایش یەکێک لە دابینکەرانی تێچووی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە بواری چەک و چۆڵ و ئابووری لە جیهاندایە.

سێناتۆر تام کاتێن لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: رێژیمی ئێران یەکێک لە دابینکەرانی تێچووی رێکخراوی تیرۆریستییەکان لە بواری چەک و چۆڵ و ئابوورییە. ئەم رێژیمە لە بونیادگەراکانی یەمەن پشتوانیی کردووە و هەزاران میلیشیای خۆی بۆ سووریە هەناردووە هەتا رێژیمی نایاسایی بەشار ئەسەد سەقامگیر بێت و نەڕووخێت.

ئەم سێناتۆرە کۆماریخوازە لە درێژەی قسەکانیدا وتی خۆهەڵکێشانی رێژیمی ئێران بۆ راگەیاندنی بوونی خۆی لە شەڕی دژە بە داعش تەنیا بەمەبەستی راگرتنی رێژیمی بەشار ئەسەدە، هەر بۆیە رێژیمی ئێران هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری هێرشی هێزەکانی ئامریکایی بۆ رێژیمی ئەسەد، هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ئامریکا کە دژی داعش شەڕ دەکەن.

هەر لەم پەیوەندییەدا، پێشتریش، سێناتۆر تێد کروز کە یەکێک لە سێناتۆرە کۆماریخوازانی ئامریکایی لە ویلایەتی تەگزاسە، لە قسەکانی خۆیدا لە بینای هەریتیج کە ناوەندێکی توێژینەوە و فێرکارییە، رێژیمی ئێڕانی سەرەکیترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان و گەورەترین هەڕەشە وەسف کردووە.

ماوەیەک لەمەو پێشیش، رێکخراوی چاوەدێری نێودەوڵەتی  (FATF)سەرەڕای هەڕەشە نیسبەت بە دانوستان لەگەڵ رێژیمی ئێران و کورەی باکووری رایگەیاندبوو کە رێژیمی ئێران و کورەی باکووری نەیانتوانی پێش بە پشتیوانی کردنی سەرچاوی ماڵی و ئابووری تیرۆریزم بگرن.