کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان دووهەمین پاریزگای مین‌ڕێژکراوەکانی ئێرانە

15:22 - 16 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: پارێزگای ئیلام زیاترین ناوچەی مین‌ڕێژکراوی لە ئێراندا لەخۆگرتووە و پارێزگاکانی خووزستان، کرماشان، سنە و ئورمیە، پلەی دووهەم هەتا پێنجەمیان لەو بوارەدا هەیە.
جێگری وەزیری بەرگریی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و مەجلیس، بە هەواڵدەریی \'\'ئیلنا\'\'ی گوتووە: ٧٠٠ هەزار هێکتار لە زەویی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان ئالوودەی ماددەی تەقینەوە و مینە کە پێویستیی بە خاوێنکردنەوەیە.
پارێزگای کرماشان پاش ئیلام دووهەمین پارێزگای کوردستانی ئێرانە کە زیاترین رێژەی مینی چێنراوی لە ناوچە سنوورییەکاندا هەیە و ئەمەش ساڵانە کوژران و برینداری و کەمەندام بوونی هاووڵاتییانی بەتایبەت لە سنوورەکاندا لێ دەکەوێتەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان لە درێژەی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقدا لانی‌کەم ١٦ میلیۆن مینی دژە نەفەر لە ئێراندا بەکار هێنراوە کە هەنووکە پاش ٢٥ ساڵ بەسەر تەواوبوونی ئەو شەڕەدا، هێشا ئەو مینانە پاکسازی نەکراون و ساڵانە چەندین قوربانیی دەگرێت.
هەواڵدەریی مێهر لە زاری بەڕێوەبەری ئیدارەی بێهزیستیی پارێزگای ئیلام بڵاوی کردەوە، لەو پارێزگایە کە زیاترین رێژەی مینی چێنراوی لەخۆ گرتووە، ٨١٠ هاووڵاتی بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەکانی شەڕ بریندار و یان کەمەندام بوون.