کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێک: سێنا نزیکە بە دەرکردنی بڕیاری یەکلایی قورستر کردنی گەمارۆکانی دژی رێژیمی ئێران

20:22 - 8 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: بە نزیک بوونەوە لە هاتنە سەرکاری کۆنگرەی نوێی ئامریکا، قورستر کردنی گەمارۆ داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، لەلایەن سێناتۆرە ئامریکاییەکانەوە زۆرتر باس دەکرێ.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مارک کرێک، سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکایی لە وتووێژی تایبەتی لەگەڵ کاناڵی هەواڵدەری فاکس نیوز، لە دەرچوونی دووهەمین بڕیاری گەورەی سێنای ئامریکا لە داهاتوویەکی نزیک هەواڵی بڵاو کردەوە.

ئەم سێناتۆرە کۆماریخوازە لە قسەکانی خۆیدا جەختی کردەوە کە بە هاورێیەتی ١٧ سێناتۆری دێموکراتی ئامریکا و زۆرینەی کۆماریخوازانی کۆنگرەی ئەو وڵاتە، بڕیاری یەکلایی کەرەوەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران بە رێوەیە.

کرێک ئەو بڕیارەی دووهەمین بڕیاری گەورە، دوای پەسند کردنی هێڵی کی‌ئەستۆن ناو برد.

پاش وەدەست نەهاتنی رێکەوتنی ناوکی لە ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی و درێژ بوونەوەی ئەم دانوستانە، کۆماریخوازەکان کە بە زۆرینەی دەنگی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی ئامریکا، کۆنگرەی ئەم وڵاتەیان بە دەستەوە گرت؛ لە قورستر بوونی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران هەواڵیان بڵاو کردەوە.

لەم پەیوەندییەدا، مارک ئەستیڤێن کرێک، گەڵاڵەیەکی لە سەر قورسترکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران داڕشتووە و دەوترێت کە هەتا ئێستا دەنگی ئەرێنیی ٦٠سێناتۆری بەدەست هێناوە.

ئەم سێناتۆرە کۆماریخوازە کە سێ ساڵ پێش ئێستا، گەمارۆ ئابوورییەکانی بانکی ناوەندی و شیرکەتی نەوتی ئێرانی داڕشت.
مارک کرێک پاش داسەپاندنی خولی یەکەمی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١١ رایگەیاند کە: گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران دەبێت تا ئەو رادەیە قورس بکرێت کە نان لە دەمی خەڵكی ئێران بگرێتەوە.