کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستانی رۆژهەڵات/ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ کوردە ئاوارەکانی شنگال درێژەی هەیە

22:27 - 10 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: شەپۆلی کۆکردنەوەی یارمەتییە مرۆیی‌یەکان بۆ ئاوارەکانی شنگال لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هاووڵاتییانی کوردی شاری نەغەدە بە وەڕێخستنی کەمپەینەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی یارمەتی مرۆڤی بۆ کوردە ئێزدیەکانی شنگال بەردەوام لە هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی نەختی و کەرەستەی پێوست بۆ ئاوارەکانی شنگالن.

کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ کوردە ئاوارەکانی شنگال لەلایەن دانیشتوانی گوندی مێهماندار سەربە شارستانی نەغەدە لە مزگەوتی سەلاحەدین ئەیوبی دانراوە و هاووڵاتییانی ئەو گوندە پێشوازییەکی بەرچاویان لەو کەمپیەنە کردووە.

لەو پێوەندییەدا کەمپەینی مەیدانی لەک لە شاری(هەرسین)ی سەربە پارێزگای کرماشان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال دامەزراوە.

بە پێی راپۆرتەکان، شارەکانی باشووری کوردستانی ئێران وەکوو شائاباد و هەرسین سەرەڕای ئەوەی کە لەلایەن بنکەکانی رێژیمەوە مۆڵەتی یاسایییان پێ نەدرابوو، بەڵام یارمەتی مرۆڤ‌دۆستانەی خۆیان بۆ ئاوارەکانی شنگال کۆ کردەوە.