کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و بریندار بوونی دوو كۆڵبەری سەردەشتی لەماوەی ١٢ كاتژمێردا

22:56 - 5 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: كۆڵبەرێكی كوردی سەردەشتی لەناوچە سنوورییەكانی كوردستان كەوتە بەر تەقەی هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لەئەنجامدا بەتوندی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، شەوی شەممە رێكەوتی ٤‌ی جۆزەردان كۆڵبەرێكی كورد بەناوی رێباز كوڕی عەزیز و خەڵكی ئاوایی بێورانی خوارێ‌ بە تەقەی هێزەكانی رێژیم بریندار كرا.

ئەو كۆڵبەرە كوردە لەشوێنێك بە ناوی كێلێ‌ لەپشتی ئاوایی بێورانی سەرێ‌كەوتۆتە بۆسەی هێزە ئینتزامییەكانەوە.

رێباز بە هۆی كاری بوونی برینەكەی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ‌كراوە.

هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی ٤ی جۆزەردان كۆڵبەرێكی دیكەی كورد بەناوی زانكۆ كوڕی قوربان و خەڵكی ئاوایی قەڵەڕەشی سەردەشت لەشوێنێك بەناوی شیلانێ‌ كەوتۆتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێران و گیانی لەدەست داوە.

ئەو كۆڵبەرانە تەنیا بە مەبەستی دابین كردنی بژێوی ژیانیان دەستیان داوەتە ئەو پێشە پڕ لەمەترسییە و زۆر جاریش ئەو پیشەیە مەترسییەكەی دەگاتە ئاستی گیان لەدەست دانی ئەو كۆڵبەرانە و جێگای تێڕامانی ئەو دیاردەی كوشتنە لێرە دایە كە بەپێی بەندی ئەلف لە مادەی ٢ی یاسای قاچاخی كاڵای رێژیمی ئێران، ئەگەر كاڵایەك كەمتر لەیەك میلیۆن تمەن بایەخی هەبێ ئەوە ناچێتە چوارچێوەی كەلوپەلی قاچاخ و سزای نییە.

ئەو كەلوپەلانەی كە كۆڵبەران هەڵیدەگرن بایەخیان كەمتر لە یەك میلیۆن تمەنە.