کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە سووریە

13:56 - 9 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: کوژرانی ئەندامانی سپای پاسدارنی رێژیمی ئێران و دانپێدانەنانی رێژیمی ئێران بە بەشداری لە شەڕی ناوخۆیی وڵاتی سووریە و سەرکوت و کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل لەلایەن رێژیمی ئێران، حیزبوڵڵای لوبنان و هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد بەردەوام درێژەی هەیه.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت‌بەستن بە راپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی رێژیمی سووریە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی زیاتر لە ٣٠ کەس لە هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریە کوژراون.

دەوترێت کە زۆربەی کوژراوەکان پاسپۆرتی ئێرانیان پێ بووە و لە ئەندامانی سپای پاسداران رێژیمی ئێرانن.

لاشەی کوژراوانی ئەو شەڕە کە لە دەرعا رووی داوە هەروا ماوەتەوە و هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد و سپای پاسداران و حیزبووڵڵای لوبنان نەیانتوانیوە لاشەی کوژراوەکان لەگەڵ خۆیان ببەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانەی کە چەند رۆژ پێش روویداوە، دەرەجەدارێکی سپای پاسداران بە نێوی حەسەن حەزباوی لە سووریە کوژراوە و لاشەی ئەو کەسە بۆ ئێران گوازراوەتەوە.

بەرپرسانی رێژیمی ئێران بەردەوام لە سەر هاوکاریی ستراتژیک لەگەڵ سووریە جەختیان کردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە سووریە بۆ ئێران هێڵی سوورە و پشتیوانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لە رێژیمی سووریە بێ سنوور وەسف کردووە.

لە سەرەتای شەڕ و تێکهەڵچوونەکەنی سووریە، هێزەکانی سپای پاسداران و هێزی میلیشایی بەسیجی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ژێر ناوی پارێزەرانی حەرەمی زەینەب شان بە شانی هێزە سەرکوتکەرەکانی بەشار ئەسەد، رۆڵێکی بەرچاویان لە کوشتنی خەڵکی سڤیل بووە.
هێزەکانی سپا و بەسیجی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی گرووپەکانی وەکوو گوردانی فاتمیوون یا لە ژێر ناوی وەکوو بەرگری لە حەرەمی حەزرەتی مەعسوومە بە مەبەستی بەرگری کردن لە رێژیمی بەشار ئەسەد، لە شەڕی سووریە بەشدارن و شان بە شانی هێزەکانی رێژیمی سووریە هاووڵاتییان دەکوژن.

کاناڵی تەلەفزیۆنی CNN لە راپۆرتێکی دێکۆمێنتاریدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو هاووڵاتییە ئەفغانیانەی کە لە ئێرانن لەلایەن رێژیمی ئێران راهێنانی نیزامیان پێکراوە و بە بڕی مووچەی مانگانەی ٥٠٠ دولار لە سووریە دژی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە شەڕ دەکەن.

گوردانی فاتمیوون لە هەنێردراوانی ئێرانی و ئەفغانی پێکهاتووە.

بەشداری بەرچاو و بەرینی هێزەکانی سپای پاسداران لە سووریە و پشتیوانی هەمە لایانە لە رێژیمی بەشار ئەسەد و دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ سەرکوتی هاووڵاتییانی سڤیل و کوشتاری دڕندانەی ئەوان، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئۆپۆزیسیۆنی سووریە ئەوە رابگەیەنێ کە رێژیمی بەشار ئەسەد رووخاوە و هەنووکە سپای پاسدارن لە سووریە دەسەڵاتی بە دەستەوەیە.