کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی کەسایەتییەکی ناوچەی دزڵی لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە، ناڕەزایەتیی لێ کەوتەوە

16:17 - 28 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی گوندی دزڵی سەربە شارستانی سەوڵاوا، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر کوژرانی هاووڵاتییەکی نیشتمانپەروەری ئەو گوندە، رێگای هاتوچۆی ئەو گوندەیان داخست.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هاووڵاتییانی گوندی دزڵی رێگای هاتوچۆی پاوە ــ مەریوانیان لە نزیک ئەو گوندە بە نیشانە کوژرانی هاووڵاتییەکی خۆشناوی ناوچەکە بەناوی \'\'حەسەن مورادی\'\' بە دەستی هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە خاڵی پشکنینی سنووریی ژاڵانە سەربە ناوچەی هەوارامان، بۆ ماوەی چەند کاتژمیر داخست.
حەسەن موردای هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی دزڵی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی رەشەمە لە کاتێکدا کە ویستوویەتی بە مەبەستی ئاگادار بوون لە دۆخی براکەی کەلە سنووردا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، سەردانی سنوور بکات، لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئرانەوە درایە بەر دەستڕیژی گولـلە و لە ئەنجامدا کوژراوە.

حەسەن مورادی کەسێکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری گوندی دزڵی بوو. رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی رەشەمە تەرمەکەی لە گوندی زێدی خۆی، ئاوایی دزڵی، بە خاک سپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.