کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژراوەکانی سوپای پاسداران لە شەڕی سەوڵاوا و بۆڕیەر، لە ژێر ناوی دیکەدا دەشارنەوە

16:57 - 23 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: سوپای تیرۆریستیی پاسداران، دوای شەڕ لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە سەوڵاوا و بۆڕیەر، لەمەڕ کوژراوەکانی لەو شەڕەدا بە شێوەی جۆربەجۆر چەواشەکاری دەکات.

بەپێ زانیارییەکان، سوپای تیرۆریستی پاسداران لە شەڕ لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، تەڵەفاتێکی قورسی داوە و چەندین کوژراو و بە دەیان برینداری بووە کە لەبەر دانەبەزینی ڕووحیەی پاسدار و بەکرێگیراوەکانیان، ژامارەکانیان ڕانەگەیاند و تەنیا باسیان لە چوار کوژراویان کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتوون سوپای پاسداران کەلاکی کوژراوەکانی و هەروەها بریندارەکانی بۆ شارەکانی دەوروبەر گواستۆتەوە، تاکوو ژمارەی دروست دەستی خەڵک نەکەوێ و ئێستا کە کەلاکەکانی بەسەردەستیەوە ماوەتە، لە ژێر ناوی جۆربەجۆردا دەیەوێ کەلاکەکان چاڵ بکا.

بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، هێزەکانی ڕێژیم دەیانەوێ ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢٤ی پووشپەڕ، لە مەریوانەوە کەلاکی ٣١ پاسدار بگوازنەوە بۆ سنە و گوایە ئەم ٣١ کەلاکە پاشماوەی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراقن و تازە دۆزیویانەتەوە!

ئەوەیکە ئەو کەسانە کە کەلاکەیان دۆزراوەتە کێن و دەقیقەن چ کاتێک دۆزراونەتەوە؟ هەروەها بەقسەی خۆیان لە چەند شوێنی جیاوازی عێراق دۆزراونەتەوە، بەڵام هەموویان هێناوەتە مەریوان و لەوێ دەیگوازنەوە لە بەر چیە؟ و ... چەندین پرسیاری دیکە نیشان لە ناڕاستبوونی هەواڵەکانی ڕێژیم دەدەن.

بەپێی هەندێک زانیاری، سوپای پاسداران دەیەوێ کەلاکی کوژراوەکانی بەناوی جۆربەجۆر و یەک لەوان پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراق و هەروەها کوژراوەکانی شەڕی پاسداران لە سووریە و ... ڕابگەیەنێ و بەم شێوازە لە ژێر باری چەواشەکارییەکانی دەربچێ.