کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچە خوێندکارێکی کورد لەگەڵ براکەی لە بۆکان دەسبەسەر کرا

21:43 - 26 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران خوشک و برایەکی خەڵکی بۆکانیان لەنێو ماڵەکەیاندا دەسبەسەر کرد.


هەواڵدەریی کوردپا بڵاوی کردەوە، کچە خوێندکارێکی کورد بەناوی \'\'ئەفسانە بایزیدی\'\' تەمەن ٢٨ ساڵ هاوڕی لەگەڵ براکەی خۆی بەناوی \'\'شاهۆ بایزیدی\'\' تەمەن ٢٥ ساڵ لە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.
بەپێی ئەم راپۆرتە ئەفسانە کچی ئەبووبەکر خوێندکاری زانینگەی پەیام نوورە کە لەگەڵ براکەی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە بە هۆکارگەلێگی ناڕوون دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.
بەپێی ئەم سەرچاوەیە شاهۆ لە بۆکان سەرقاڵی پیشە میکانیکییە و تەنیا بەهۆی پێشگیری لە دەسبەسەرکرانی خوشکەکەی دەسبەسەر کراوە.
پاش دەسبەسەر کرانی ئەو خوشک و برایە، بنەماڵەکەیان بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان لە شاری بۆکان کردووە، بەڵام ئەو ناوەندانە خۆیان لە دانی هەچەشنە زانیارییەک بواردووە.
هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، لە شوێن و هۆکاری دەسبەسەر کرانی ئەو دوو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٨٦ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.