کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی گشتیی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی لە سوێد بەڕێوەچوو

21:02 - 7 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی گشتیی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە وڵاتی سوێد بە بەشداریی نوێنەری زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەو وڵاتە بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەک‌شەممە رێکەوتی ٦ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد و کوردستانی کۆبوونەوەی گشتیی خۆی بە بەشداریی زۆربەی هێزە سیاسییەکانی ئەندام لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە بینای فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە شاری ستوکهۆڵم بە سەرپەرستی \'\'مەولوود عەبدیل‌زادە\'\' بەرپرسی کۆمیتە بەڕێوەبرد.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
لەسەر بارودۆخی هەر چوار بەشی کوردستان کە بۆ هەر کام لە بەشەکانی کوردستان لەلایەن هێزە سیاسییەکانی بەشەکەی خۆیانەوە راپۆرتێک پێشکەش بە بەشدارانی کۆبوونەوە کرا.
لەو کۆبوونەوەدا نوێنەری تازە هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوێد لەسەر چۆنیەتیی کاروباری نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە وڵاتی سوێد بۆ بەشداربوان دوا و داوای هاوکاری و پشتگیریی لە کۆمیتەی هاوکاری لە وڵاتی سوێد بۆ کاروبارەکانی کرد.
کۆبوونەوەی ژنێڤ ٢ و بەشداریی نوێنەرانی کورد لەو کۆبوونەوەیە و باس لەسەر سووریە و بارودۆخی کوردەکان لەم بەشەی کوردستان بەشێکی دیکەی کاری کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوکاریی پێکهێنابوو.
گرینگی دان بە رۆژە نەتەوەیی‌یەکانی کورد و ئەرکی کۆمیتەی هاوکاری لەسەر ئەم یاد و بیرەوەرییانەدا خرایە بەر باس.