کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی: ڕێککەوتنی ناوکی لەسەر زانیاریی درۆ واژۆ کراوە

16:21 - 12 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سارا ساندێرز وتەبێژی کۆشکی سپی، باسی لەوە کردووە، کە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران زۆر پێشکەوتووتر لەوەیە که لە ساڵی ٢٠١٥دا ئاماژەی پێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وتەبێژی کۆشکی سپیی ئامریکا، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا بڵاوی کردەوە، ڕێکەوتنی ناوکیی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ ئێران کە ئامانج لەو ڕێککەوتنه، ڕاگرتنی بەرنامە ناوکییەکەی ڕێژیمی ئێران بوو، لەسەر زانیاریی درۆ واژۆ کراوە، چونکە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا زۆر پێشکەوتووتر بووە، لەوەی کە دانوستانی لەسەر کراوە و ئاماژەی پێ کراوە.

ساندێرز لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە کێشەکە ئەوەیە ئەو ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای زانیاریی درۆ واژۆ کراوە، ئێران لە سەرەتاوە درۆی کردووە.

وتەبێژی کۆشکی سپیی ئامریکا جەختیشی کردەوە، ئەوان ڕاست نەبوون، چونکە ڕێککەوتنەکە لەسەر کۆمەڵێک شت ئەنجام دراوە، کە شی نەکراونەتەوە. هەروەها توانا ناوکییەکەی ڕێژیمی ئێران زۆر پێشکەوتووتر بووە لەوەی کە ئاماژەی پێ کراوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بڵاوی کردووەتەوە، کە ئیسرائیل هەوڵ نادات لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا شەڕ بکات، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیلی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەرجام پێداگری زیاتر دەکەن و هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە.