کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای سێنفیی مامۆستایان: حکوومەت لە جیاتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران، مامۆستایان سەرکوت دەکات

10:53 - 13 بانەمەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕ، شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لە ئێران بە ڕەخنەگرتن لە هێزە سەرکوتکەرەکان و دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، خوازیاری ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراو و هەڵوەشاندنەوەی سزای دادگا لە دژی چالاکانی سێنفی لەو وڵاتە بوو .

ئەم شۆرایە لە بڕیارنامەیەکدا ڕایگەیاندووە، هێزە کانی ڕێژیم و دەزگای بەناو دادوەری لە جیاتی بەرەنگاربوونەوە لە دژی گەندەڵکاران، سەرکوت و هەڕەشەکردن لە مامۆستایانی ناڕازییان گرتووەتە بەر و سزای دورخستنەوە، دەرکردن و بەندکرانیان بە سەردا سەپاندوون.

ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراو و هەڵگرتنی سزای دەرکردن، خانەنشینکردنی پێشوەختە، سزادانی چالاکانی سێنفی بە پێبەندی ئەلیکترۆنیکی لەو بابەتانەن کە لە بڕیارنامەی کۆتایی کۆبوونەوەی مامۆستایاندا ورووژێنراون.

تەنیا ڕۆژێک پێش بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیە، ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لانیکەم ١٧ مامۆستا و چالاکانی سێنفی مامۆستایانیان لە شاری سنە بانگهێشت کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، کاربەدەستانی ڕێژیم بەڵێنیان لە مامۆستا بانگهێشتکراوەکان وەرگرتووە کە لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە ١٣ی بانەمەڕ بەشداری نەکەن.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارنامەی شۆرای هاواهەنگی مامۆستایاندا جەخت کراوەتەوە کە مامۆستایان لە ئێران "زیاتر لە جاران لە بەدیهێنانی ماف و دادپەروەری بۆ خۆیان و قوتابییان تووشی کێشە بوون".

ئەم شۆرایە ڕایگەیاندووە، گرانی و هەڵاوسان بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی و دزی، سفرەی خەڵکی بە بەتاڵی هێشتووەتەوە و هۆشداریشی دا کە ئەم دۆخە مامۆستایان و قوتابییانی لە وانەوتنەوە و فێربوون سارد کردووەتەوە.