کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی بە خەستی بەرزاییەکانی کێلەشین و حاجی ئۆمەران تۆپباران دەکات

17:11 - 6 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: بەبیانووی بوونی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ناوچە سنورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان تۆپباران دەکات.

لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، یەکشەممە کاتژمێر ٩وە تۆپخانەکانی ڕێژیمی تاران ناوچە سنورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان داوەتە بەر ئاگری تۆپخانەکانیان کە بەهۆیەوە ناوچەیەکی بەربڵاو سووتاوە.

ئەو ناوچانەی کە وەبەر پەلاماری ڕێژیم کەوتوون بریتین لە حاجی ئۆمەران، بەربەزین، کونەڕێ، کەتینە و دۆڵی ئاڵان.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زەرەرێکی گیانی وەبەر پێشمەرگەکانی حیزب نەکەوتووە.

بە گویرەی زانیارییەکان هاووڵاتییانی ئەم ناوچانەی باشوری کوردستان کە زۆربەیان شوانکار و جوتیار و ڕەوەندن ناچار بوون ئەو ناوچانە بەجێ بهێڵن.

رژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بوونی پێشمەرگە ئاگری لە ژیانی خەڵکی ناوچە بەرداوە.