کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بانگەوازێکی بڵاو کردەوە

17:13 - 26 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی نەورۆز و ساڵی نوێ، بانگەوازێکی بڵاو کردەوە.

دەقی بانگەوازەکە:

نەورۆزی کورد هێمای یەکڕیزی و سەرکەوتن، پیرۆز بێ

هاونیشتمانانی تامەزرۆی ئازادی!


هاتەوە نەورۆزی کوردستان هێمای خەباتی شێلگیر و کۆڵ نەدان، ڕەمزی تێکۆشان و نەوەستان تا سەرکەوتنی ئامانج و بەهاری نەتەوەکەمان.

ساڵەهایە کۆماری تاوانی تاران، لە کوردستان دەستی ناوەتە بینی ژیان، گۆڵ دەشێلێ، مۆسیقا دەتۆرێنێ و گۆرانی دەخنکێنێ، ساڵەهایە ڕوخساری سروشت و جوانی دەشێوێنێ.

گەلی ئێمە زۆر زستانی تووشی دیوە، زۆرداری بێ ئەژماری لەبەر ڕەویوە و گەلێک بەربەستی ئەستەم لە ئاست باهۆی ئیرادەی هەرمانی داخزیوە.

هزری نەورۆز پێمان دەڵێ، جەور و ستەم، داگیرکاری، وەک شەوگاری تۆسنی تووش و سەرما، شەماڵی ڕاسانی خاکەلێوە ڕایدەماڵی و لە توێی گەڵا و گولیلکی ئاوەدانی دا، مەلی شادی سروودی سەربەستی دەجریوێنێ. گەل و پێشمەرگە لە داوێنی ژیان دەڕوێنەوە و بەند و سەهۆڵبەندانی چلەکان لە بن پێیان دەتوێنەوە.

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

لاوانی دڵ پڕ لە گڕی نیشتمانپەروەری!


وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و ساڵی تازە داواکارین ئەم نەورۆزەشمان وەک هەمیشە یەکڕیز و یەکگرتوو، بەهێز و باوەڕبەخۆ، پاریزگاری لە سەنگەرەکانی تێکۆشان و ئیرادەی نەتەوەیی‏مان بکەین. هاوخەبات بین، ئەم نەورۆزەش بکەین بە جێژنی بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی تاریک پەرستی، فەرهەنگی خۆڕنین و قوڕپێوان و دۆش دامان. بەکردنەوەی ئاوری نەورۆز و پێکهێنانی ڕێوڕەسمی پڕشکۆ و سۆز، جارێکی دیکەش بڵێینەوە، گەلی کورد تا هەڵهاتنی خۆری ڕزگاری دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرێ و لە بەرامبەر هەموو هێزێکی ملهوڕ و سەرەڕۆدا کلتووری ڕەسەنی نەتەوەیی و هێماکانی بەرخۆدانی دەپارێزێ.

نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە

لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەوپیری مەرگەوە


بە باوەڕمان، نووتەک و تاریکیی کۆماری ئیسلامی و زوقم و شەختەی بێدادی، چۆک دادەدەن هەمبەر شەماڵ و خۆری ڕاپەڕین، لەبەر قریوەی کۆڕی شادی و قاقا و قریشکەی پێکەنین .

دڵنیاین لە کوردستان، زەمهەریری شڵێوەی ڕاسان، ئاوماڵکی داگیرکەران ڕادەماڵێ تا هەڵدێرگە و تا کەنارەکانی نەمان. لاوانی وڵات، ئاڵای ئازادیی گەل هەڵدەدەن لە هەواری ڕزگاریی نیشتمان، لە کۆشکی سەربەستی کوردستان.

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە

جێژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بە هاتەوە

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی تەشکیلات

نەورۆزی ٢٧١٦ی کوردی