کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ بانگەوازێکی بڵاو کردەوە

23:06 - 10 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دکتور قاسملوو بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەر میزی وتووێژ بانگەوازێکی بڵاو کردەوە.

دەقی بانگەوازەکە:

بانگەوازی كۆمیسیۆنی تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا

كۆمەڵانی خۆڕاگر و ئازادیخوازی كوردستان!


٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، ٢٧ ساڵ لە كارەساتی تیرۆریستیی وییەن كە تێیدا دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە سەر مێزی وتووێژ بۆ چارەسەری پرسی كورد لە كوردستانی ئێران بە دەستی دیپلۆمات تیرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید كرا، تێدەپەڕێت.

تیرۆری دوكتور قاسملوو یەكێک لە كارەساتە دڵتەزێنەكانی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی هاوچەرخی كورد بوو كە ئامانج لەو پیلانە دژەمرۆییەی ڕێژیم، بەچۆكداهێنانی حیزبی دێموكرات و پاشگەزكردنەوەی لە خەبات بۆ دابینكردنی مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بوو، بەڵام قوتابیانی دوكتور قاسملوو لە حیزبی دێموكراتدا بە پشتبەستن بە هێزی لەبڕاننەهاتووی خەڵكی كوردستان و ئیلهام وەرگرتن لە ڕێنوێنییەكانی دوكتور قاسملوو سەربەرزانە توانیان درێژە بە خەباتی ڕزگاریخوازانە بدەن و حیزبی دێموكرات وەكوو شۆڕەسواری مەیدانی ئەو خەباتە بمێنێتەوە.

خەڵكی مافخوازی كوردستان!

هەروەكوو ئاگادارن، ئەمساڵ لە چوارچێوەی هێڵە سەرەكییەكانی پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێراندا كە هەڵگری پەیامی ڕاسانی بزووتنەوەی كورد لەو پارچە داگیركراوەی نیشتمانەكەماندا و پێكەوە گرێدانی خەباتی شاخ و شار بوو، قوتابیانی قاسملوو و ڕۆڵە پێشمەرگەكانی ئێوە لە حیزبی دێموكراتدا بە ئامادەبوونیان لە نێو ئێوەدا قەڵای جەوری داگیركەرانیان وە لەرزە هێنا و گیانی شۆڕش و ژیانەوەیان بە بەر ئەو پارچەیەی كوردستاندا كرد. ئەو هەنگاوە پیرۆزەی پێشمەرگە لەگەڵ دژكردەوەی توندی ڕێژیم و هێزە دژی گەلییەكانەی بەرەوڕوو بوو و لە چندین شوێنی كوردستاندا پێكدادانی خوێناوی هاتە ئاراوە. چیرۆكی شەڕە حەماسییەكانی گوندی قەرەسەقەلی شنۆ و شاخی كۆساڵانی سەوڵاوا و ناوچەكانی دیكەی كوردستان كە كوژران و برینداربوونی دەیان كەس لە فەرماندەكان و بەكرێگیراوانی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی لێ كەوتەوە، بە خوێنی ئاڵی چەندین پێشمەرگی قارەمانی حیزبەكەمان نەخشا كە بۆ تا هەتایە لە مێژووی بزاڤی ئازادیخوازیی كورددا وەكوو ئەستێرەیەكی پرشنگدار دەدرەوشێنەوە.

ئەو حەماسە خولقاندنەی پێشمەرگە گیان لە سەر دەستەكانی كوردستان كە هەڵگری پەیامی ئامادەیی ئەوان لە مەیدانی خەبات بۆ پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستاندایە، بەشێك لە پرۆسەی پێكەوەگرێدانی خەباتی شاخ و شارە كە شاخ پەیامی خۆی بە دەنگێكی بەرز و دلێرانە بە گوێی جیهان گەیاند و ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ڕۆڵە خەباتگێڕەكانی شاریش وەڵامێكی شیاو بەو گیانبازییانە بدەنەوە و بوونی خۆیان لە گۆڕەپانی مافخوازیی نەتەوەكەیاندا بسەلمێنن.

بۆ ئەو مەبەستە داوا دەكەین ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، واتە ساڵوەگەڕی تیرۆری ناجوامێرانەی ڕێبەری شەهیدمان، دوكتور قاسملووی نەمر بكەینە ڕۆژی مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری كوردستانی ڕۆژهەڵات و پەیمانی وفاداری لەگەڵ ئامانجە بەرزە مرۆییەكانی شەهیدان نوێ بكەینەوە.

داواكارین لەو ڕۆژەدا:

١ـ دوكان و بازاڕەكان لە هەموو شار و گوندەكانی كوردستاندا دابخرێن.

٢ـ خەڵک لە چوون بۆ سەر كارەكانیان خۆ ببوێرن.

٣ـ گوندنشینانی كوردستان لەو ڕۆژەدا هاتوچۆی شارەكان نەكەن و لە گوندەكانیاندا بمێننەوە.

٤ـ شوێنە گشتییەكان بە هێما و سیمبۆلەكانی بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ دێموكراتیكی كوردستان (وەكوو ئاڵای كوردستان، ئارمی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و وێنەی ڕێبەرانی شەهید و شەهیدانی نوێی بزووتنەوە ڕەواكەمان) بڕازێننەوە.

بێگومان سەركەوتنی ئەو مانگرتنە گشتییە پێویستی بە بەشداریی چالاكانە و ئیرادە و یەكگرتوویی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستانە و نیشانەی ئەمەگناسی بەرانبەر بە گیانبازیی شەهید دوكتور قاسملوو و شەهیدانی ڕاسانی ئەمساڵی حیزبی دێموكرات و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كورد و كوردستان دەبێ.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمیسیۆنی تەشكیلات
پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی