کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی: حیزبی دێموکرات لە جێژنی نەورۆزدا بۆ جارێکی دیکە پەیامی کۆڵنەدان و نەسروتن هەتا سەرکەوتن بە دوژمنانی کورد و کوردستان ڕاگەیاند

18:31 - 1 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا سپاسی هەموو بەشداربووانی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی تێکوشەر

تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان

دەستپێکی ساڵی نوێ خەباتی حیزبە خۆشەویستەکەمان، لە کەش و هەوایەکی شۆڕشگێڕانە و لە خاڵی سفری سنووری دەستکردی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی نیشتمانمان پێی نایە قۆناخێکی هیوابەخش بۆ هەموو گەلی کورد و بە تایبەت بۆ ئۆگرانی حیزبی پێشڕەوی ڕۆژهەڵات.

ئامادە بوونی سەدان کەسی لە هاونیشتمانیانی کوردستان، ئەندامانی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی خۆشەویستمان، ئەندمانی تەشکیلاتی نەهێنی حیزب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد، گۆڤەندێکی هەزاران کەسی ساز کرد و پەیامێکی شۆڕشگێڕانەی بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی پێرۆز، پێشکەش بە هەموو دۆستان و لایەنگران و هەروەها نەیارانی حیزبی گەل کرد.

جارێکی دیکە پێشمەرگە قارەماەکان، هێزی تایبەت جێگیر لە بنکەکانی حیزب لە سنوورەکان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بنەماڵە تێکۆشەرەکانیان کە هەموو کات پاڵپشت و هاندەری ڕۆڵەکانی حیزب و گەل بوون، بەڵێنی ئەمەگناسی و سۆزداری خۆیان لەگەڵ شەهیدان و حیزبی خۆشەیست و شاخ و مەکۆی ڕابوون و مانەوە نوێ کردوە.

بەو ڕێوڕەسمە بە شکۆیە، حیزبی دێموکرات بۆ جارێکی دیکە پەیامی کۆڵنەدان و نەسروتن هەتا سەرکەوتن بە دوژمنانی کورد و کوردستان ڕاگەیاند و شاخ و مەتەرێزی بەرگری و خۆڕاگری بە پێشمەرگە و چەک و لاوەکانی بە هەستی کورد ڕازاندەوە.

هەر بۆیە لەو ڕێگەوە، کۆمیسیونی سیاسی ـ نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە هەموو خەڵکی بەشەرەفی کوردستان، سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەموو ئۆگران و لایەنگرانی خۆی، میوانانی هێژا لە ناوچەی سۆران و برادۆست و بە تایبەت ئەو کەسانەی کە بە تێپەڕ کردنی ڕێگای سەغڵەتی ناوچە سنوورییەکان خۆیان گەیاندە ئەو ڕێوڕەسمە بە شکۆیە پێشکەش دەکات.

سەربەستی بۆ گەل و نیشتمان

سەرکەوتن بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیونی سیاسی- نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی