کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی حیزبی دێموکرات لەمەڕ دەربڕینی ڕوانگە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاگادارێکی بڵاو کردەوە

19:40 - 26 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەر شێواز و هەڵوێست و دەربڕینی بیر و ڕا لە سەر پرس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بۆ هاوڕێیان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بە داخەوە وادێتە بەرچاو کە بەشێک لەو کەسانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەردەگرن لە جیاتی کەڵکی بە سوود وەرگرتن، دەیکەنە گۆڕەپانی پێک هەڵپرژان و بێ‌حورمەتی بە کەسانی دیکە، بەمجۆرە و بە تەواوی لە زمانی ئیقناع و پرنسیپی دیالۆگی بنیاتنەر دوور دەکەونەوە، کە ئەوە نە لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دایە و نە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی لێک حاڵی بوونی سەردەمیانە یەک دەگرێتەوە.

پێویستە هاوڕێیانی حیزبی ئەو ڕاستییە بزانن کە هەر لایەنێک نەزەری لەگەڵ بۆچوونی ئێمە جیاواز بێ. دوژمنی ئێمە نییە بۆیە دەکرێ بە ئیستدلال و مەنتق و قسەی درووست وڵام بدرێتەوە.

لەو پێوەندییەدا بە پێویست دەزانین وەبیر هەموو هاوڕێیانمان بێنینەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە بەرانبەر لایەنەکاندا وشەی زبر و زبر نەدوین و نەنووسن و هەموو ئەوانەی جیاواز لە ئێمە بیر دەکەنەوە وەک دوژمن سەیر نەکەن. چوونکە ئەم شێوە لێدوانانە بەرگری کردن لە حیزبی دێموکرات نییە و تەنیا دوژمنی گەلەکەمان کۆماری ئیسلامی کەڵکی لێ وەردەگرێ تکایە با حورمەتی هەموو لایەک پارێزراو بێ.

لەگەڵ ڕێز و حورمەت
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی سیاسی _ نیزامی