کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی: بەپەیوەست‏بوون بە ڕیزی حیزبی پێشەواوە بە دەنگ داوای حیزبی خۆتانەوە وەرن و دڵی دۆستانمان شاد بکەن و دوژمنیش وەک هەمیشە داماو و زەبوون بکەن

17:09 - 11 خاکەلێوه 2716

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان!

کادر و پێشمه‌رگه ‌خۆشه‌ویسته‌کان!

میوانه ‌به‌ڕێزه‌کان!


ئەمڕۆ ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی سەرهەڵدانەوەی ژانی ئەو زامەیە کە لەم ڕۆژەدا و لە ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٣١ی مارسی ١٩٤٧ی زایینی‏دا، بە لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد یەکەم سەرۆک کۆماری کورد و هاوڕێیانی، کەوتە سەر جەستەی نەتەوەی کورد بە گشتی و کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی. زامێک کە پاش ٦٩ ساڵ ئێستاش بەسوێیە و وەک کارەساتێک لە ڕەوتی بزووتنەوەی کورد و مافخوازییەکەی دێتە ئەژمار.

پاش لەنیوبردنی کۆماری کوردستان لە لایەن ڕێژیمی حەمە ڕەزا شا و پشتیوانانیەوە، لە ماوەی گیران، تا ڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوای مەزن، گەلی کورد ڕۆژانێکی پڕ لە نیگەرانی و چاوەڕوانیی تێپەڕکرد، کە ئاخۆ چارەنووسی پێشەواکەیان چی دەبێت؟ هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ئێران لەم پێوەندییەدا چۆن دەبێت؟ دیارە سروشتی دەسەڵاتە سەرەڕۆکان بەردەوام وا بووە لە ڕێگای سەرکوت، هێزی زۆر و سێدارەوە دەسەڵاتدارێتی خۆیان بسەپێنن. بەپێی ڕابردووی دەسەڵاتدارانی تاران تا ئەوکاتە بەرانبەر ڕێبەرانی کورد هەیانبووە، وەک لەگەڵ سەرکردە و قارەمانی نەتەوەیی کورد، سمایل ئاغای سمکۆ کردیان، پێشبینی دەکرا چی بێت، بەڵام بۆ پێشەوا بەندیخانەش سەنگەرێکی دیکە بوو کە ڕێبوارانی دواڕۆژی ئەو مامۆستا مەزنە وانەی خۆڕاگری، بەرگری لەمافی ڕەوا لە هەر بارودۆخێکدا و مانەوە لەسەر بەڵێن و پەیمانی لێ فێر بن. بۆ دوژمنانی کورد و دژی مافی مرۆڤ، دادپەروەریی و ئازادیش، بەناو دادگایی پێشەوا پڕ بوو لە پێداگریی لەسەر هەق، ڕاستی، ئازادی، ئاشتیی و بەرەنگاریی لەگەڵ ستەم و ناداپەروەری و سەرەڕۆیی، دادگای بێدادی بردبووە ژێر پرسیارەوە و لێپێچینەوەی لە دەسەڵاتێکی ناڕەوا و داگیرکەر دەکرد.

بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان!

ئێمە ئەمڕۆ ٦٩ ساڵ پاش ئەو کارەساتە دڵتەزێنە و لە ڕۆژی شەهید بوونی پێشەوای کوردادا، یادی ئەو و هەموو شەهیدە سەربەرزەکانی دیکەمان بەڕێزەوە دەکەینەوە. بەداخەوە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە ژێر ستەمی دەسەڵاتدار و نەتەوەی فەرمانڕەوای ئەوتۆ دەژی، کە پاش ئەوەندە ساڵەش هەروا لە بیری بە پیرۆز کردنی کەسایەتی و زاڵکردن و سەپاندنی ئەرک بەسەر مافدا دەژین. ئەمانە ئەو چەمکانەن کە پێشەوا بە بەختکردنی گیانی خۆی حاشای لێ‏کردن.

چوونکە لە جیهانبینیی پێشەوادا، مرۆڤ بوون و بەها مرۆڤییەکان گرنگ بوون. لە سەردەمی پێشەوا و تەنانەت لە ئێستاشدا، لەسەردەمی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی‏دا، گرفتێکی گەورەی دەسەڵاتە سەرەڕۆکانی تاران ئەوە بووە و ئەوەیە کە هەروەک سەدەکانی نێوەڕاست، بۆیان گرینگە کێ دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا بێت، نەک شێوەی فەرمانڕەوایی چۆن بێت و خەڵک و تاک و مافەکانیان چەندە پارێزراو بن.

ئەمەیە کێشەی بنەڕەتیی فەلسەفەی سیاسیی حیزبی دیموکرات لەگەڵ دەسەڵاتە سەرەڕۆکانی زاڵ بەسەر ئێراندا لە سەردەمی پێشەوا قازییەوە تا ئەمڕۆ.

هاوڕێیانی بەڕێز، ڕێبوارانی ڕێبازی پێشەوای نەمر!

شەست و نۆ ساڵ لەوەپێش، بناغەی دەسەڵاتدارێتیی لەکوردستان لە ڕێگای حیزبێکی سیاسی و بە سەرۆکایەتی ڕێبەرێکی لێوەشاوەی وەک پێشەوا قازی لەسەر ڕەوایەتی یاسا و شایستەیی کەسایەتی و بە ویستی خەڵک دامەزرا. هەربۆیە، ڕەوتی دەسەڵاتی نەریتخواز و کۆنەپارێزانەی کوردیش گۆڕانی بەسەردا هات، لەسەرکردایەتی سەرۆک خێڵ و دەرەبەگەوە گۆڕا بۆ سەرکردایەتیی حیزبێکی سیاسی وەک حیزبی دێموکرات بە بەرنامەی پێشکەوتنخوازانەوە. لە ژێر ڕێبەرایەتیی زانایەکی یاسا، زمانزانێکی ڕۆشنبیر و دادوەرێکی دادپەروەری وەک پێشەوادا، ژنان بوونە هاوبەشی خەبات و تێکۆشان و پێیان نایە گۆڕەپانی چالاکییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و لاوان بۆ پێگەیشتن و خزمەت بە گەلەکەیان لە دواڕۆژدا ڕەوانەی هەندەران کران بۆ خوێندن. بە گوڕ و تین و جۆش و خرۆشەوە لە ژێر ئاڵای کوردستاندا و بە سرودی نیشتیمانی ئەی ڕەقیب قوتابخانەکان بە کوردی کرانەوە و منداڵانی کورد بە زمانی کوردی دەستیان بەخوێندن کرد. شێعر و ئەدەبیات و ڕۆژنامەنووسیی کوردی هەناسەیەکی نوێی هاتەوە بەر و لە پێناو گەل و سەربەستی‏دا بە ئازادی ڕایی بوو. ئەمەیە جیاوازیی شێوەی حوکمڕانی ئێمە و ئەوان.

سەرەڕای هەموو ئەو دەسکەوتانە لەکاتی سەرکۆمارێتی‏دا، پێشەوا قازی بە بەرگری‏کردنی لە ئازادیی و مافی ڕەوای خۆی و گەلەکەی، بۆ ئازادی و سەربەستی لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی شادا، فێری کردین کە خەڵک و نەتەوە بناغە و بنچینەیە نەک سەرکردە و کەسایەتی. ڕێبەرە بەرپرس و شۆڕشگێڕەکان خۆیان دەکەنە قوربانی بۆ سەربەستیی و بەختەوەریی گەلەکەیان نەک خەڵک بکەنە قوربانی بەرژەوەندییە تایبەتی و تاکییەکانی خۆیان. ئەمەیە مەکتەب و ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

هاوڕێیانی بەڕێز!

لە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان، لە ماوەی چوارمانگ و ١٣ڕۆژدا، ٢٢ سه‌رداری کورد لەگەڵ پێشەواکەیاندا چوونەسەردار و گیانیان لە پێناو ئازادی و سەربەستیی گەلی کورددا بەخت کرد. ئه‌وانه‌ش 11 سه‌رداری فه‌یزوڵڵابه‌گی، چوار ئەفسەری کۆماری کوردستان لە مهاباد، فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی بۆکان و چوار ئەفسەرە کوردەکەی باشووری کوردستان لە بەغدا بەدەستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی هەردوو وڵات لەسێدارە دران.

هاونیشتیمانانی بەڕێز!

دوژمنانی کورد بە لەسێدارەدانی پێشەوا و سەردارانی کورد، بە خەیاڵی خۆیان ویستیان نەتەوەکەمان لە مافویستیی خۆی پاشگەز بکەنەوە و سەر بۆ زۆرداریی داگیرکەر نەوی بکەن، بەڵام گەلی کورد فێر بوو چۆن بەنرخی هەرچەند گران و کۆستی هەرچەند جەرگبڕیش، سەر بۆ زۆرداران نەوی نەکا و وەک ڕێبەری زانا و ئەندازیاری بووژانەوەی شۆڕشی کورد و پووچەڵکەرەوەی خەونی دەسەڵاتدارانی تاران، شەهید دوکتور قاسملوو فەرمووی: کاروانی شەهیدانمان درێژە و ڕەنگە لەوەش درێژتر بێت... گەڵێک ئازادی بوێ دەبێت نرخی ئەو ئازادییەش بدا، کاروانی شەهیدانمان درێژتر بوو. وا ئێستا دەبینین کە سەرەڕای شەهید بوونی ڕێبەرانی وەک قازی و قاسملو و شەرەفکەندی و هەزاران فەرماندە و کادر و پێشمەرگە، گەلی کورد هەروا لەسەرپێیە. خەباتی دێموکراسیخوازی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات بەردەوامە. خەباتکارانی کورد لە ژێردەسەڵاتی ڕەشی ئاخوندەکانیشدا سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجە و گوللەباران کردن و لەسێدارەدان، لە ڕێبازی پێشەوادا فێربوون کۆڵ نەدەن و سەر بۆ داگیرکەر نەوی نەکەن. لە ئاستێکی بەرفراوان و بەشێوەی جۆراوجۆر و ئاگایانە بۆ ئازادی خەبات دەکەن.

لاوانی خەباتکاری ڕێبازی پێشەوای مەزن!

لە نەورۆزی ئەمساڵدا، بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزبەکەمان پەیامێکی گرینگی ئاراستە کردن و داوای لێ کردن پەیوەست بن بە ڕیزی پێشمەرگەکانی دێموکرات بۆ درێژەدان بە ڕێبازی پێشەوا و باقی ڕێبەرانی شەهیدمان. ئەو داوایە بە لێکدانەوەی ورد و هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی ناوچە و وڵاتەکەمان کراوە، بۆیە و بۆ دڵنوایی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، بە پەیوەست بوون بە ڕیزی حیزبی پێشەواوە، بە دەنگ داوای حیزبی خۆتانەوە وەرن و دڵی دۆستانمان شاد بکەن و دوژمنیش وەک هەمیشە داماو و زەبوون بکەن. هەروەک دەبینن ئێستا پێشمەرگە، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و لە ئاستی جیهانیش‏دا بۆتە ڕەمزی بەرگری لە ئازادیی و مافە ئینسانییەکان و دژی بیری تەسک و تاریک و تیرۆر ڕاوەستاوە. ئێمەش ئەو چاوەڕوانییەمان لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان هەیە، تواناکانی شار و شاخ یەک بخەین و وێکڕا بەگژ سەرەڕۆییدا بچینەوە.

کەوایە بە ئاماژە بەو ڕاستیانەی سەرەوە، قۆناغێکی نوێ و چارەنووسساز لە پێشمانە. خەڵکی کوردستان بە چاوی ئومێدەوە لێمان دەڕوانن، ئەو هەلومەرجە پێویستی بە ماندوو بوونی زیاتر و بە هەوڵ و تێکۆشانی لێبڕاوانەتر هەیە. ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی و سەرجەم دیکتاتۆرەکان لێی تۆقیون، یەکگرتوویی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە. کردەوە نەشیاو و جینایەتەکانی نیزیک بە چوار دەیەی ڕێژیم، گومانی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە کە تا ئەو ڕێژیمە بمێنێ لە سەرکوت و توندوتیژیی و تیرۆر واز ناهێنێ و دیاریی رێژیم تەنیا ماڵوێرانیی زیاترە بۆ خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی. ئەو ئاڵوگۆڕە بەرچاوانەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاتوونە پێش و لە ڕێگادان، ئاماژەی ئەوەمان پێ دەدەن، کە ڕێژیم پێی خۆشحال نیە و سەردەمی شانۆسازیی و هەڵبژاردنە ساختەکانی ڕێژیم بەرەبەرە کۆتاییان پێ هاتووە.

تا ئەو جێگایەش پێوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە هەیە، وێڕای نوێکردنەوەی پەیمان و بەڵێن لە گەڵ گیانی پاکی شەهیدان، دڵنیاتان دەکاتەوە کە خەبات بۆ ئازادی و دابین بوونی مافی نەتەوایەتی بۆ ساتێکیش ناوەستێنێ و بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام، ئاواتی شەهیدە نەمرەکانمان وەدی دێنێ.

هەزار سڵاو لە گیانی پاکی پێشەوا و هاوڕێکانی و گشت شەهیدانی سەردەمی کۆمار و سەرجەم شەهیدانی کوردستان و ئەو شەهیدانەی کە لە پارچەیەکی دیکەی کوردستانەوە لە پێناو بەرگری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە هەر بڕگەیەکی زەمانی‏دا، گیانیان بەخت کردووە.

نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆریست و تیرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی
١٠/١/١٣٩٥ی هەتاوی