کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نوێی ئامریکا بە رێبەریی کۆماریخوازەکان دەستی بە کارەکانی کرد

16:16 - 16 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: کۆماریخوازەکان کە دوای ٩ ساڵ لە هەڵبژاردنی کۆنگرەی ئامریکا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، زۆرینەی کۆنگرەیان بە دەستەوە گرتووە و بە هەوڵ دانیان بۆ قورستر کردنی گەمارۆکانی رێژیمی ئێران، وێدەچێت ئابووریی ئێران بەرەو ئاقارێکی نادیار بەرن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤زایینی کۆنگرەی ئامریکا، کۆماریخوازەکان کە زۆرینەی نوێنەرانی مەجلیسی ئامریکایان بە دەستەوە بوو، بە بەدەست هێنانی ٥٩ کورسی لە بەرانبەر ٦٤ کورسیی دێموکراتەکان و پارلەمانتارە سەربەخۆکان، زۆرینەی مەجلیسی سێنایشیان بەدەست هێنا.

راپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن هەواڵدەرییە جیهانیەکانەوە باسیان لەوە کرد کە بەهۆی بە دەستەوە گرتنی زۆرینەی کورسیی کۆنگرەی ئامریکا لەلایەن کۆماریخوازان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەدا و بێ ئاکام بوونی رێکەوتنی ناوکی لە کاتی دیاریکراو، قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکان بە دژی رێژیمی ئێران بەڕێوە دەبێت.

سەرەڕای دەربڕینی نارەزایەتی زۆرینەی سیاسەتمەداران لە درێژەپێدانی دانوستانی ناوکی لەگەڵ رێژیمی ئێران، رێبەرانی کۆماریخوازانی کۆنگرە بۆ لابردنی بڕیاری یەکلایی کەرەوەی سەرکۆماری ئامریکا بۆ پێشگیری لە قورستر کردنی گەمارۆ داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران، هەوڵ دەدەن؛ چۆنکە بارک ئوباما هەڕەشەی کردووە کە هەر جۆرە گەڵاڵە بۆ قورستر کردنی گەمارۆ داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران لە کاتی دانوستانە ناوکییەکاندا هەڵدەوەشێنێتەوە.

لایەنگرانی قورستر کردنی گەمارۆ داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران لە سێنا، بۆ هەڵوەشاندن و پێشگیری لە دەرچوونی بڕیاری ئوباما بە ٦٧ دەنگ پێویستی هەیە.

کۆماریخوازانی کۆنگرەی ئامریکا لە سەر ئەو باوەڕەدان کە ئاواتی رێژیمی ئێران بۆ بەدەست هێنانی چەک‌و چۆڵی ناوکی لە هیچ کاتێکدا ناگۆڕدرێت.

دژبەرانی سیاسەتەکانی بارک ئوباما لە چەند ساڵی رابردوودا جەختییان لە سەر ئەوە کردووە کە ئامریکا لە حاڵی حازردا ئەو کارە دەکات کە رێژیمی ئێران چاوەڕوانی دەکات.

کۆماریخوازان لە ماوەی یەک ساڵی رابردووی دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران رایانگەیاندووە، رێژیمی ئێران لە بەرنامە ناوکییەکان و داواخوازییەکانی خۆی هیچ پاشەکشەی نەکردووە و داواکارییەکانی خۆی بە زۆرینە گەیاندووە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئامریکا لە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران داواکارییەکانی بە لانیکەم گەیاندووە.

رابرت منندز، سێناتۆری دێموکراتی کۆنگرەی ئامریکا و بەرێوەبەری کۆمیتەی پەیوەندی دەرەوەی سێنا کە یەکێک لەو کەسانە بووە کە لەگەڵ قورستر کردنی گەمارۆ داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران هاوڕایی خۆی دەربڕیوە.

چەند رۆژ پێش، مارک کرێک، سێناتۆری کۆماریخوازی ئامریکایی لە وتووێژی تایبەتی لەگەڵ کاناڵی هەواڵدەری فاکس نیوز، رایگەیاند کە دووهەمین بڕیاری گەورەی سێنای ئامریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەچێت.

ئەم سێناتۆرە کۆماریخوازە لە قسەکانی خۆیدا جەختی کردەوە کە بە هاوڕییەتی ١٧ سێناتۆری دێموکراتی ئامریکا و زۆرینەی کۆماریخوازانی کۆنگرەی ئەو وڵاتە. بڕیاری یەکلایی کەرەوەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران بەڕێوەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، یەک‌سەد و چواردەهەمین کۆنگرەی ئامریکا کە کۆماریخوازەکان بە بەدەست هێنانی زۆرینەی کورسی، رێبەرییان بەدەستەوە گرتووە، دەستی پێکرد.