کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ پشتیوانی لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد

22:05 - 17 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لەمەڕ پشتیوانی لە خەباتی ڕزگاریخوازانە و میللی دێموکراتیکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، هەر وەک هەموو لایەک ئاگادارن هێزەکانی سپای پاسدرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوو بە شێوەی بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر تیمەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە کاری تەبلیغاتی و تەشکیلاتیان کردووە.

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سەر پێشمەرگەکان، ڕێژیم تەلەفاتێکی قورسی بەر کەوت و کە بە داخەوە ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش شەهید کران.

بوونی هێزەکانی پیشمەرگە لە نێو خۆی وڵات ترس و لەرزێکی زۆر خستووەتە ناو بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ڕێژیمیش بۆ ئەوەیکە شکستی خۆی بشارێتەوە دەستی داوەتە تۆپبارانی شوێنی نیشتەجێ‌بوونی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و کە لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانانەدا زیانی قورسی ماددی بەر هاووڵاتییان کەوتووە.

هەروەها ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی هەوڵە دژە مرۆییەکانیدا، جێگری فەرماندەی سپای پاسداران حوسێن سەلامی لە نوێژی هەینی حەوتووی ڕابردوو لە تاران بە زمانێکی سەخیفانە هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستانی باشوور کرد و هاوکات باسی لە لەناوبردنی ئیسرائیلی کرد.

جیا لە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران کە چەندە کردەیی دەبێت و کۆمەڵگای جیهانی قەبووڵی بکات، ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لەو باوەڕە داین کە هەڕەشە و هێرش بۆ سەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی هەر یەک لە نەتەوەکانی ئێران، بە مانای هێرش بۆ هەموو نەتەوە ئازادیخوازەکانی ئێرانە.

هەروەها ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ پشتیوانی لە حزووری چالاکانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوخۆی وڵات‌دا دەکەین و هێرشی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پێشمەرگە خەباتکارەکان و هەروەها هەر هێرشێک بۆ سەر کەمپەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مەحکووم دەکەین.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ