کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی نیشتمانپەروەرێکی کورد لە مەهاباد

13:52 - 6 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: حاجی رەحیم خەڕازی، کەسایەتیی ناسراو و وڵاتپارێزی کورد لە ناوچەی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد

رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد حاجی رەحیم خەڕازی لە شاری مەهاباد لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

حاجی رەحیم ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بووه، لە سەرەتای لاویدا چووە ریزی کۆمەڵەی ژێ کاف و دواتر پاش دامەزرانی حیزبی دێموکرات تێکۆشانی خۆی لە ریزی یەکیەتیی لاوانی ئەو حیزبەدا درێژە دا.
پاش نەمانی کۆماری کوردستان بۆ ماوەی ٦ مانگ زیندانی کرا و دواتر ئازاد بوو. لە ماوەی تەمەنیدا هەرگیز لە رێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوور نەکەوتەوە. ئەو جگە لەوەی کە کەسایەتێکی خۆشناوی شاری مەهاباد بوو، دوای رووخانی رێژیمی پاشایەتی هاوکارییەکانی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درێژە پێ دا.

زۆربەی کۆبوونەوەکانی هەیئەتی نوێنەرایەتیی کورد لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە ماڵی ناوبراو بەڕێوە دەچوو، هەر بۆیەش پاش داگیرکرانەوەی شاری مەهاباد لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کەوتە ژێر فشار و لێپرسینەوە.

ناوبراو وەکوو یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە، رۆڵێکی بەرچاوی لە یارمەتیدانی شۆڕش لە باری ماددی و مەعنەویدا هەبوو لە سەرخستی دۆزی گەلەکەماندا.

تەرمی حاجی رەحیم لەنێو ئاپۆرای خەڵکی شاری مەهاباددا بە خاک سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی حاجی رەحیم خەڕازی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی و هەموو دۆستان و ئاشنایانی دەکا و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێ.