کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناوی ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد

13:35 - 28 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: حاجی کەریم مەحموودی ئاز‌ه‌ر کەسایەتی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەی ١٣٩٣ی هەتاوی حاجی کەریم مەحموودی ئازەر خەڵکی گوندی پێگەڵەی ناوچەی شنۆ، باوکی زیندانی سیاسی ئیسماعیل مەحموودی ئازەر لە تەمەمی ١١٠دا ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

حاجی کەریم باوکی زیندانیی سیاسی، ئیسماعیل مەحموودی ئازەر بوو کە ٨ ساڵ لە زیندانی رێژیمدا بوو.

حاجی کەریم رۆژی دووشەممە لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەی شنۆ لە گۆڕستانی فەقێ شاڵی سینگان بە خاک سپێردرا.

حاجی کەریم پیاوێکی لە سەرەخۆ و قسەخۆش و خاوەن کەسایەتییەکی تایبەتی لە ناوچەی شنۆ و دەور و بەری بوو، ناوبراو کەسێکی نیشتیمان پەروەر و باوکی خوالێخۆشبوو کاک ئیسماعیل مەحموودی ئازەر زیندانی سیاسی بوو، کە ماوەی ٨ ساڵ لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێران وەکوو ئەندامی نەهێنی و تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زیندانی کرا و دوای ئازادبوونی هەتا ٣ ساڵ بەر لە ئێستا بە هۆی ئێش و ئازاری ئەشکەنجە و لێدانەکانی لە زیندانی رێژیمی ئیسلامی لە دۆخێکی تەندروستیی نالەبار دەژیا و هەر بە هۆی ئەم ئازارانەوە کۆچی دوایی کرد.

خوالێخۆشبوو حاجی کەریم سەرەڕای ئەوەیکە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی کاک ئیسماعیلیشی بە ئەستۆوە بوو بەڵام، هەمێشە بە ورە و خۆڕاگر بوو، و بەردەوام یارمەتیدەری پێشمەرگەکان بوو و ورەی پێ دەبەخشین بێ ئەوەیکە وا نیشان بدات کە کوڕەکەی گیراوە.

حاجی کەریم پیاوێکی خاوەن رێز و حورمەتێکی تایبەتی لە ناوچەکانی شنۆ و دەورو و بەری بوو و زۆر جار بۆ کاری خێر خەڵک روویان تێدە کرد و کێشە کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکی چارەسەر دەرکرد.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەرەخۆشی له بنەماڵه وكەس وكاری حاجی كەریم ده كات و خۆی به شەریكی خەمیان دەزانێت.