کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گراهام: یەکەمین دەستوری کاری کۆنگرەی نوێی ئامریکا، قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژ بە ئێران دەبێت

18:42 - 7 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: دوو هەفتەی دیکە، کۆنگرەی ژێر دەسەڵاتی کۆماریخوازانی ئامریکا، کارەکانی خۆی دەست پێدەکات و چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ کە زەخت خستنەسەر رێژیمی ئێران لەلایەن کۆنگرەی ئامریکاوە زیاتر بکرێت.

لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریخوازی ئامریکایی لە ویلایەتی کارولینای باشوور لە کۆنفرانسێکدا باسی لەسەر قورستر بوونی گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران لەلایەن کۆنگرەی ئامریکاوە کرد.

گراهام لە قسەکانی خۆیدا جەختی کردووەتەوە کە قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران لە سەرەکیترین دەستورەکانی کاری کۆنگرەی نوێی ئامریکا دەبێت کە لە مانگی داهاتووی زایینیدا کارەکانی خۆی دەست پێدەکات.

ناوەڕاستی مانگی ژانوییەی ٢٠١٥ی زایینی، یەکسەد و چواردەهەمین کۆنگرەی ئامریکا کە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا کەوتە ژێر دەسەڵاتی کۆماریخوازان، کارەکانی خۆی دەست پێدەکات.

کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەم کۆنگرەیە لە چالاکی نوێی خۆیدا، گەمارۆ ئابوورییە داسەپاوەکانی دژی رێژیمی ئێران قورستر دەکات.

هەتا ئێستاش، سیناتورە کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی نوێ لە بەیاننامەیەکدا لە زیاتر بوونی گەمارۆی ئابووریی دژی رێژیمی ئێڕان هەواڵیان بڵاو کردووەتەوە.

گەمارۆکانی کۆمەڵگای جیهانی بە دژی رێژیمی ئێران بۆ پێشگیری لە وەدەستخستنی چەکوچۆڵی ئەتومی لەلایەن ئەم رێژیمەوە ٦ ساڵ پێش لە بواری ئابووریی، زانستی، سیاسی، فرۆشتنی چەکوچۆڵ و تەقەمەنی لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکاوە دەستی پێکرد.

بە وتەی کارناسان ئەو گەمارۆ ئابوورییە نەیتوانیوە پێش بە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران بگرێ، بەڵام لە سەر بارودۆخی ئابووریی رێژیمی ئێران شوێندانەریی نەرێنیی هەبووە.