کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گینزبێرگ: کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە پشت گوێ خستنی ئێش و ئازارەکانی خەڵکی ئێران تاونبارە

21:05 - 29 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: لە کۆنفڕانسێکدا کە لە زانکۆی چەپمەنی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئامریکا بەڕیوەچوو، کۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە پشت گوێ خستنی ئێش و ئازارەکانی خەڵکی ئێران و سووریە بە هۆی دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران تاوانبار کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە کۆنفڕانسێکدا کە لە زانکۆی چەپمەنی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئامریکا بەڕیوەچوو چەندین کەسایەتی ئاکادمیک و سیاسی وەک مارک گینزبێرگ، باڵوێزی پێشووی ئامریکا لە وڵاتی مەراکێش و خاتوو کێری کەندی (منداڵی سێناتۆری کۆچکردوو رابێرت کێنێدی و سەرۆکی بونیادی مافی مرۆڤی رابێرت کێنێدی) وتاری پێشکەش کرد.

لەو کۆنفڕانسەدا رۆڵی رێژیمی ئێران و سووریە لە سەرکوتی هاووڵاتیانی ئەو دوو وڵاتە باسی لەسەر کرا.

دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە کاروباری نێوخویی سووریە و رۆڵی رێژیمی ئیسلامی ئێران لە سەرکوتی هاووڵاتیانی سووری تەوەرێکی دیکە بوو کە لەو کۆنفڕانسەدا باسی لێکرا.

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەرزبوونەوەی ژمارەی ئیعدامەکان دوای هاتنە سەرکاری حەسەن روحانی لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسەکە جەختی لەسەر کرایەوە.

مارک گینزبێرگ باڵوێزی پێشووی ئامریکا لە وڵاتی مەراکێش لە وتارێکدا سەرەڕای ئاماژە بە جەنایەتەکانی رێژیمی ئێران سەبارەت بە خەڵکی ئەو وڵاتە کۆمەڵگای جیهانی تاوانبار کرد کە بە ئەنقەست دەنگی ئێش و ئازارەکانی خەڵکی ئێران بە هۆی دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران و سیاسەتی نەرم و ئاسانکارانە لەگەڵ ئەو رێژیمە پشت گوێ دەخات و هیچ بایەخێکی پێ نادات.

گینزبێرگ لر درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند کە رێژیمی ئێران لە هەوڵی دروست کردنی بۆمبی ئەتۆم دایە و بەردەوام کاری تێرۆریستی دەکات و درێژە بە سەرکوت و کوشتاری خەڵک دەدات و مافی مرۆڤ بەتایبەت ژنان پێشێل دەکات.

لە درێژەی ئەو کۆنفڕانسەدا کێری کێنێدی لە پەیوەندی لەگەڵ پێشێل کردنی مافی مرۆڤ چەند وتارێکی پێشکەش کرد.

بەپێی ئەو راپۆرتە پرۆفسۆر رۆتاندا مامۆستای حقوق لە زانکۆی چەپمەن وتاری پێشکەش کرد و لە قسەکانیدا ئاماژەی بە جەنایەتەکانی رێژیمی ئێران دژی ژنان وەک ئەسیدپاشی کرد.

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و رێکخروای نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام لەلایەن چالاکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی چالاک لە کاروباری مافی مرۆڤ سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێراندا و قوربانی بوونی مافی مرۆڤ بە هۆی دانوستانە ناوکییەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی.