کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی نوێ‌، تەحریمی نوێ‌ / گەڵاڵەی سناتۆرەكانی ئەمریكا لەپێوەندیی گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێران

17:09 - 19 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: ژمارەیەك لەسناتۆرەكانی هەر دوو حیزبی كۆماریخواز و دێمۆكراتەكان لەسنای ئەمریكا گەڵاڵەیەكی نوێیان لەپێوەندیی بلۆكە كردنی حیسابە بانكییەكانی ئێران لەوڵاتانی بیانی، پێشكەش بەسەركۆماری ئەمریكا كرد.
پێنج سناتۆری ئەمریكایی لەگەڵاڵەیەدا پێشنیارییان كردووە كە حیسابە بانكییەكانی رێژیمی ئێران كە لەداهاتی ئەرزەوە سەرچاوەی گرتووە و لەدەرەوەی ئێرانن، بڵۆكە بكرێت.

ئەگەر بێت و ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن باراك ئۆباما سەركۆماری ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە واژۆ بكرێ‌، بانكی ناوەندی ئێران و كۆمپانیا نەوتییەكانی رێژیمی ئێران چیدیكە ناتوانن دەستپێڕاگەیشتنیان بە حیسابە بانكییەكانی دەرەوەی ئێرانیان هەبێت.
لەو گەڵاڵەیەدا ئاماژەیەك بەداهاتە نەوتییەكان و ئەرزی رێژیمی ئێران نەكراوە، بەڵام ماوەیەك لەمەوبەر جێگری وەزیری سەنعەت و مەعدەن رایگەیاندبوو، رێژیمی ئێران نزیك بە سەد میلیارد دۆلار پارەی لە دەرەوە هەیە.

لەگەڵاڵەی سناتۆرەكانی ئەمریكادا هاتووە، پاش پەسند كرانی ئەو تەرحە هیچ بانكێكی ئورووپایی بۆیی نیە پێوەندیی ئەرزی لەگەڵ ئێران هەبێ‌.
هەر بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، رێژیمی ئێران داهاتێكی بەرچاوی لەئەرزەوە هەیە و زیاتر سەرچاوە گرتوو لە ئاڵوێری یورویە.