کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆباما: رێکەوتنی نێوان ئێران و ١ +٥، دەستی ئێران لە گەیشتن بە چەکی ناوکی کورت دەکاتەوە

14:47 - 3 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران و وڵاتانی ١ + ٥ لە سێیەمین خولی دانیشتنییاندا سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام هەر کام لە لایەنەکان لێکدانەوەی خۆیان لەو رێککەوتنەدا هەبوو.
بابەتی جیاوازییەکانی را و لێکدانەوەی هەر دوو لایەنی وتووێژەکان واتە رێژیمی ئێران و گرووپی ١ + ٥ لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئێران پاش کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیی دانیشتنی سێیەم دەرکەوت، هەر لەو کۆنفڕانسەدا هەرکامیان لێکدانەوەی جیاوازیان لەو رێککەوتنە خستووەتەڕوو.
جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وتوویەتی مافی پیتاندنی ئورانیۆم لەو رێککەوتنەدا بە ئێران نەدراوە.
کۆشکی سپیی ئەمریکا لەو پێوەندییەدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە کە ئێران ئیزنی پیتاندنی لەسەدا ٥ی ئۆرانیۆمی هەیە و لە بەرانبەردا دەبێ پیتاندنی لەسەدا ٢٠ راگرێ و پووچەڵی بکاتەوە.
ئۆباما لەو پێوەندییەدا رایگەیاندووە: ئەم رێککەوتنە رێگای ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ناوکی دادەخات.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی سێیەمین دانیشتنی رێژیمی ئێران و گرووپی ١+ ٥ چالاکییە ناوکییەکانی ئێران لە شەش مانگی داهاتوودا لەژێر چاودێریی هەر دوو لایەنی دانووستانەکاندا دەبێت و هەروەها ئێران لەو ماوەیەدا ئیزنی چالاکیی لە دامەزراوەکانی ئەراک، نەتەنز و فەردۆی نابێت.
رێککەوتنی رێژیمی ئێران بۆ پیتاندنی ئورانیۆمی ٥ لەسەدی، دەستڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە بەشێک لە دارایی‌یە بلۆکەکراوەکانی ئاوەڵا دەکات.
سێیەمین خولی دانووستانی رێژیمی ئێران و گرووپی ١ + ٥ رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەر دەستی پێ کرد و هەتا دوایین ساتەکانی سەرلە بەیانیی رۆژی یەکشەممە درێژری کێشا.