کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆباما: ئیزن نادەین ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات

19:57 - 9 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: وتاری ساڵانەی سەرکۆماری ئەمریکا لە دوو تەوەری دەرەکی و ناوخۆیی و بەتایبەت بەرنامەی ناوکیی ئێران و دۆخی سووریە، لەلایەن سەرکۆماری ئەو وڵاتەوە پێشکەش کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا؛ رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٨ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، ئۆباما سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وتاری ساڵانەی خۆیدا پەرژایە سەر بارودۆخی نیوخۆیی ئەمریکا و لەو پێوەندییە هەڵسەنگاندنێکی وردی لەسەر دۆخی ئابووریی و بێکاری پێشکەش کرد و هەروەها ژنان بەشێکی دیکەی وتارەکەی پێکهێنابوو.
تەوەرێکی دیکەی وتارەکەی ئۆمابا پێوەندیی بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی هەبوو و تێیدا تیشکی خستە سەر شەڕی دوو وڵاتی ئەفغانستان و سووریە و وتی: هەرگیز ئیزن نادەین تیرۆریستان پەلاماری ئەمریکا بدەن و بۆ لەنیو بردنی تیرۆریزم لەو دوو وڵاتەدا تێدەکۆشین.
سەرکۆماری ئەمریکا سەبارەت بە قەیرانی سووریە، وتی: دیپلۆماسی و هەڕەشەی شەڕی چەکداری دژی سووریە لە لەنێوبردنی چەکە کیمیایی‌یەکانی سووریە سەری گرت و ئێمە لە هاریکاریی ئەو گرووپە بەرهەڵستاکارانەی رێژیمی ئەسەد دەکەین کەلە کاری تیرۆریستی بە دوورن.
ئۆباما لە وتاری ساڵانەی خۆیدا لە بارەی ئێرانەوە باسی لەوە کرد کەلە رێگای دیپلۆماسی و بە خستنە ژێر گوشارەوە، ئەو وڵاتەیان ناچار کردووە کە پاشەکشە لە بەرنامە ناوکییەکەی بکات و وتی: لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هەوڵ دەدەین کە گرفتی ناوکیی ئێران لە رێگای دیالۆگەوە چارسەر بکەین و رێگا نادەین تاران ببێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی.
وتیشی: دانووسان لەگەڵ تاران دژوارە، بە تایبەتی کە ئێران بە ئاشکرا پشتیوانی لە تاقمە تیرۆریستییەکان و بەتایبەت حیزبوڵڵای لوبنان دەکات، کە ئەمەش مەترسیی بۆسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروست کردووە.
ئۆباما هەروەها رایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەبێ دونیا لەوە دڵنیا بکاتەوە کە بەرنامەی ناوکی خۆی بە تەواوەتی راگرتووە.