کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆكردنەوەی ماهوارە، پیشەیەك بۆ هێزە ئینتزامییەكان و كێشەیەكی جیدی بۆ هاووڵاتیانی كورد

16:40 - 8 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان دەستیان بە كۆ كردنەوەی ماهوارەی هاووڵاتیان كردووە و لەو پێوەندییەدا ژمارەیەك دیشی ماهوارەیان زەوت كردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٧ی بانەمەڕ هێزەكانی رێژیم لەگەڕەكی ئیستادیومی شاری مەریوان دەستیان بە كۆكردنەوەی دیشی ماهوارەكان كرد.
بەوتەی شایەتحاڵان، ئەو هێزانە كاتێك دەستیان بە كۆكردنەوەی ماهوارەكان كرد كە كاتژمێر ٦ی سەر لەبەیانی بوو و خاوەن ماڵەكان هێشتا لەو خەو هەڵنەستابوون.
ئەو كارەی هێزە ئینتزامییەكان بەو بەیانییە زوویە، ترسی خستبووە ناو دڵی هاووڵاتیانی كوردەوە.
چەند رۆژ لەمەوبەر لەئاوایی هوویەی سەر بەناوچەی ژاوەرۆی سنەش ژمارەیەك لەماهوارەی هاووڵاتیان لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.
هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئێران بێ‌ئاگادار كردنەوەی خاوەن ماڵەكان چوونەتە سەربان و دەستیان بەسەر دیشی ماهوارەكاندا گرتووە و وێڕای هەڕەشە لەخەڵكی ئاوایی هوویە پێشیان راگەیاندوون، ئەگەر بێت و جارێكی‌تر دیشی ماهوارە دابمەزرێنەوە، لەگەڵ سزا بەرەوڕوو دەبنەوە.