کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیسیۆنی پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی پارلمانی دانمارك پێشوازی لەشاندێكی پارتە كوردییەكان كرد

22:59 - 18 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: هەیئەتێك بە نوێنەرایەتی كۆمیتەی پارتە كوردستانییەكان و فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان لەدانمارك بۆ باس لەسەر رەوشی مافی مرۆف لە ئێران بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی سەردانی پارلمانی دانماركیان كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، شاندی پارتە كوردستانییەكان لەلایەن كۆمیسیۆنی پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی پارلمانی دانماركەوە بە سەرۆكایەتی بەرێز پیر مولر(Per Moeller) وەزیری دەرەوەی پێشووی دانمارك پێشوازییان لێكرا.
وتەبێژی هەیئەتی پارتە كوردییەكان بەڕێز سەعید سوڵتانپوور نوێنەری حیزبی دێمۆكراتی كوردستان لەدانمارك بوو و ئەو وتەبێژە پاش باسێكی كورت لەسەر پێكهاتەی نەتەوەیی ئێران وفەرمانڕەوایی تەنیا نەتەوەیەك بە سەر نەتەوەكانی تر پڕژایە سەر رەوشی نالەباری مافی مرۆف لە ئێران بە درێژایی تەمەنی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی.
سوڵتانپوور لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی گرتن، ئەشكەنجە، زیندانی و ئیعدام كردنی چالاكوانە سیاسی، فەرهەنگی و كۆمەلایەتییەكانی سەر بە نەتەوە بندەستەكانی ئێرانی كرد.
ئەو وتەبێژە وتیشی: لە ئێران زیاتر لە ٥٠ هەزار هاووڵاتی سیڤیل و ٦ هەزار پێشمەرگە بەدەستی هێزەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران گیانیان لێ‌ئەستێنراوە.
كوشتنی كۆلبەرانی كورد تەوەرێكی دیكەی باسەكان بوون و هەیئەتی كوردی داوای لە پارلمانی دانمارك كرد كە ئەوەی لە توانایاندایە بە كاری بێنن بۆ راگرتنی كوشتنی زیندانییەكان بە گشتی و بە تایبەت زیندانییە سیاسییەكان لە ئێراندا.