کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام/ بوودجەی پارێزگا کەمتر لە بوودجەی پرۆژەیەکی عومرانیی گەورە شارێکی ئێران

15:56 - 17 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: پارێزگای ئیلام چکۆلەترین پارێزگای ئێران بە ٥٥٠ هەزار حەشیمەتەوە، زیاتر لە ٣٠ ساڵە بە دەستی کێشەی بێکارییەوە دەناڵێنێت.
سەرەڕای ئەوەی کە کەرتی وەرزێڕی، هەڵێنجانی نەوت و گاز و هەروەها گەشتیاری لە پاریزگای ئیلامدا بەربڵاوە، بەڵام بەپێی ئامارە فەرمییەکان لەسەدا ٢١ و بەپێی نافەرمییەکان زیاتر لەسەدا ٣٠ی حەشیمەتی کارا و چالاکی ئەو پارێزگایە بێکارن.
کەمیی بوودجە، کەڵک وەرنەگرتن لە هێزی چالاک و کارزانی بوومیی پاریزگای ئیلام لە کەرتە جۆراوجۆرە پیشەیی‌یەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی کێشەی بێکاری لە پاریزگای ئیلام دان.
پارێزگای ئیلام لە کەرتە پیشەیی‌یەکانی وەکوو نەوت و گاز کە سەرەکی‌ترین سەرچاوەی داهاتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، لە بواری پاشکەوتی نەوت و گازدا پلەی پێنجەمی لەنێو پارێزگاکانی ئێران هەیە، بەڵام بەهۆی کەڵک وەرنەگرتن لە هێزی بوومی ئەو پاریزگایە و هێنانی هێزی مرۆیی لە پارێزگاکانی دیکەی ئێرانەوە، زیاد بوونی رێژەی بێکاریی لێ کەوتووەتەوە.
کارناسێکی ئابووری لە پێوەندی لەگەڵ دابینکردنی بوودجەی پارێزگای ئیلام وتی: بوودجەی پارێزگای ئیلام هێندەی بوودجەی پرۆژەیەکی عومرانیی شارێکی گەورەی ئێران نییە.
ئەو کارناسە وتوویەتی: هەنووکە پرۆژەکانی پارێزگای ئیلام دواکەوتنی زۆریان بەخۆوە بینیوە و بەڕێوەچوون و بە ئەنجام گەیاندنی کارەکان بەم شێوەیە و بەتایبەت لە بەشی رێگەوباندا هەتا ٥٠ ساڵی دیکە دەخایەنێت.