کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیلام/ هەورە تریشقە و زریان زیانی لێکەوتەوە

14:39 - 10 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: هەورە تریشقە و زریان و بوومەلەرزە زیانێکی بەرچاوی بە هێندێک لە گوندەکانی ناوچەی دێهلوڕان و موورمووری گەیاندووە.

ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی ٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، پاش زیاتر لە ٧٦٠ پاش‌لەرزە لەم دە رۆژەی دواییدا، گێژەڵووکە و تۆفان شارە بوومەلەرزە لێدراوەکانی ئیلامی گرتەوە.

ئەم زریانە توندە کە زۆربەی شار و گوندەکانی دێهلوڕان و موورمووری گرتووەتەوە، بووە هۆی تێکچوونی خێوەتی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی چەند رۆژی رابردووی ناوچەی ئیلام.

بەپێی راپۆرتەکان، ئەم زریان و گێژەڵووکه‌یە، خەسارێکی زۆری بە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە گەیاندووە.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی١٣٩٣ی هەتاوی بوومەلەرزەیەکی ٦،١ ریشتری شارەکانی ئیلام بە تایبەت دیهلوڕان و موورمووری هەژاند و لە ئەنجامدا جگە لە زیاتر لە سەد ملیارد زیانی ماڵی، زیاتر لە ٤٠٠ هاووڵاتیی کوردیش بریندار بوون.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لێقەوماوانی ئەم بوومەلەرزەیە ناڕەزایەتییان بە چۆنیەتیی یارمەتی گەیاندن دەربڕیوە و وتوویانە بەرپرسانی بنکە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئێران لە هەمبەر لێقەوماوانی ئەم کارەساتە کەمتەرخەمن.

هەروەها رووداوی باو بۆران و هەورەتریشقە، گرفت و کێشەی دانیشتوانی ناوچەی دێهلوڕان و موورمووریی ئیلامی چەند قات کردووەتەوە.