کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات: پرسی ناوکی تاقە قەیرانی رێژیمی ئێران نییە

14:18 - 23 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: شێخ عەبدوڵڵا وەزیری دەرەوەی ئیمارات لەو بڕوایە دایە کە وڵاتانی ناوچە و جیهان لەگەڵ قەیرانی دەستێوەردان رێژیمی تاران لە کاروباری وڵاتانی دیکە بەرەوڕوویە.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وتوویەتی: دیداری ئێمە لەگەڵ گیدۆ ڤێسترۆڤێلە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان و هەروەها جان کێری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لە ئەندامانی گرووپی پێنج زیدە یەک بۆ دانیشتن لەگەڵ ئێران لە ژنێڤ، دەرخەری گرینگی و بایەخی کێشەی ئێران بە نیسبەت ئێمەیە و هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک لە ناوچەکەدا بەنیسبەتی ئێران پێوەندیی بە ئێمەوە هەیە.
باوبراو وتیشی: جیا لە قەیرانی ناوکیی رێژیمی ئێران هەندێ پرسی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا بوونی هەیە کە دەبێ بایەخیان پێ بدرێت.
شێخ عەبدوڵڵا بن زاید راشیگەیاندووە: دەستێوەردانی رێژیمی تاران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە وەکوو سووریە، عێراق، یەمەن و وڵاتانی کەنداو، پرس‌گەلێکن کە دەبێ لە دانووستان لەگەڵ رێژیمی ئێراندا بورووژێندرێ.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیمارات ئەوەشی خستە روو هەر بەو جۆرە کە ئێران لە هەوڵی رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەهەمبەر چالاکییە ناوکییەکانیەتی، دەبێ بە نیسبەت رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانەش لەلایەن دراوسێکانییەوە هەنگاو هەڵبگرێت.
چارەسەر کردنی قەیرانی ناوکیی ئێران و رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی وڵاتانی زلهێزی جیهان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکە بەتایبەت وڵاتانی کەنداو و ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوڕاست تەنیا قەیرانەکانی بەردەم رێژیمی ئیسلامیی ئێران نین و لە ئاستی نێوخۆییشدا کۆمەڵێک پرسی دیکە وەکوو مافی مرۆڤ بەرەوڕووی ئەو رێژیمە بووەتەوە.