کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران پەیامی هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی پێشمەرگەکانی شەڕی شنۆ بڵاو کردەوە

18:02 - 1 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بە بۆنەی شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شەڕی شنۆدا، وێڕای سەرەخۆشی، پشتیوانییان لە خەباتی نەتەوەیی حیزبی دێموکرات دەربڕی.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بسم اللەالرحمن الرحیم
{مَن مات دون ماله فهو شهيدٌ، ومن مات دون دمهِ فهو شهيدٌ، ومن مات دون أرضه فهو شهيدٌ}

ئەوانەی لە پاراستنی ماڵ و خوێن و نیشتمانیان گیان دەبەخشن شەهیدن

هاونیشتمانیانی باوەڕمەند و کورد و کوردستانیانی خۆڕاگر!

حیزب و ڕێکخراو و تێکۆشەرانی نیشتمان‌پارێز!


هەروەک ئاگادارن نەتەوەکەمان سەدان ساڵە بەدەستی داگیرکەرانی لە خودانەترس کەوتۆتە ژێر ستەم و زۆرداری و بێ‌ڕێزی کردن، لە ڕاستیدا کوردستان بۆتە سەکۆی پەت و سێدارەی ڕێژیمە یەک بە دوای یەکەکاندا و ڕۆژ نیە لاوانمان لە کۆت و بەند و ژێر پەتی سێدارە‌دا گێان نەبەخشن، بەتایبەت لە دەست ستەمی نامرۆڤانە و لە خودا نەترسانەی کۆماری بەنێو ئیسلامیی ئێران.

هەرچەند نەتەوەی کورد بۆ وەدیهاتنی ئاواتەکانی کە ئازادییە، لە دەست کۆت وبەند خەبات دەکات، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی یەکێتی و یەکگرتوویی ئەم خەبات و بەرخۆدانانە تاکوو ئێستا لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بووە.

بەخۆشییەوە بەهاری ئەمساڵ ڕێبەر و سکرتێری حیزبی دێموکرات لە ئاخاوتنێکدا جارێکی دیکە ئەو هیوا و هومێدەی گێڕایەوە ناو دەروونی خەڵکی ئازادیخواز و بە بانگەشەی گرێدانی خەباتی شاروشاخ شانازییەکی تازەی بۆ نەتەوەی کورد و کوردستانی ڕۆژهەڵات تۆمارکرد، لەم پەیوەندییەشدا ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بە ورەیەکی پۆڵاین و خۆڕاگرییەکی بێ‌وێنە ڕوویان کردە زێد و نیشتمانی خۆیان، دوژمنی چەپەڵ کە ترسێکی بێ‌وێنەی لە حیزبی دێموکرات هەیە، بە هەموو هێز و توانایەوە ویستی ئەم داخوازییە ڕەوایە کپ و بێ‌دەنگ بکات، بەڵام ڕۆڵە تێکۆشەرەکان بە گژیاندا چوونەوە و زەبرێکی کاریگەریان لە دوژمنی تاریک پەرست دا و نیشانیان دا کە بۆ وەدیهاتنی ئاواتەکانیان حازرن گیان فیدایی بکەن. لە بەرەنگارییەکی بێ‌وێنەدا لە شاری شنۆ، بەداخەوە ٦ تێکۆشەری دێموکرات شەهید بوون.

یەکێتی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، وێڕای پشتیوانی لە هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی سەرجەم خەڵکی کورد و بنەماڵە سەربەرزەکانیان و حیزبی دێموکرات دەکات و داواش لە کۆمەڵانی خەڵکی بەشەرەف دەکات بە هەموو توانایانەوە هاوکاریی ڕۆڵەکانیان بکەن و پێداویستییان بۆ دابین بکەن، هەروەها داواش لەو کۆمەڵە کەسە دەکات کە چەکیان بەدژی نەتەوەی خۆیان لە شان کردووە، چیتر پشت لە گەڵ و ڕوو بە دووژمن نەبن، چوونکە خیانەت ئیمان و باوەڕی ئایینی دەسووتێنێت.

یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران

٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٥