کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی نوێی دژی رێژیمی ئێران پەسند کرد

13:44 - 18 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ٣ دامەزراوەی بانکی و زانستی رێژیمی ئێران پێش لە کۆتایی هاتنی دوایین دەرفەتی رێکەوتنی ژنێڤ‌، بۆ لیستی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئورووپا گەڕێندرانەوە.


بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە رێژیمی ئێران وەزیرانی خەزێنەداری و دارایی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریاندا کە ٣ دامەزراوەی زانستی و بانکیی رێژیمی ئیسلامی وەک پێشترلە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکاندا بمێننەوە.

یەکیەتیی ئورووپا دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی زیاتر لە کۆبوونەوەی چەند رۆژی پێش ئێستا ٤ کەسایەتیی حقوقی و حەقیقی وەکوو زانکۆی سەنعەتی شەریفی لە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانی خۆیدا هێشتەوە.

ئەو تاک و دامەزراوانەی کە گەمارۆیان بە سەردا سەپاوە پێشتریش لە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانی یەکیەتیی ئورووپادا هەبوون، بەڵام چەند مانگ پێش ئێستا لە لیستەی گەمارۆ ئابووورییەکان سڕدرانەوە.

دانوستانە ناوکییەکانی ئێران لەگەڵ گرووپی ١+٥ هەتا رێکەوتی ٣ی سەرماوەز درێژ کراوەتەوە و دوو گرووپی دانوستانکار بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی کۆ دەبنەوە؛ رێکەوتنێک کە بە وتەی زۆربەی کارناسانی پرسە سیاسییەکان بە هۆی ئەو هێڵە سوورانەی کە لەلایەن خامنەییەوە بۆ تیمی دانوستانکار دیاری کراوە ئەستەم دەبێت.

رێژیمی ئێران لە ئەگەری رێکەوتنی ئەتۆمی، خوازیاری لابردنی هەموو ئەوگەمارۆ ئابوورییانەیە کە لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە بە دژی سەپاوە، داواکارییەک کە قەبووڵی لەلایەن گرووپی ١+٥ زۆر دژوار دەبێت.