کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەم هەڵویستی حەریری لە بەرانبەر حیزبوڵڵا پاش گەڕانەوەی بۆ لوبنان

20:22 - 5 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی لوبنان، پاش گەڕانەوەی بۆ لوبنان لە هەمبەر حیزبوڵڵای لوبنان و کردەوەکانی ئەو ڕێکخراوەیە هەڵویستی گرت.

سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کە چەند رۆژێک بە هۆی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا لە کاروبارەکانیان لە لوبنان نەمابوو و دەیەویست واز لە پۆستەکەی بهێنێت، بە داوا لێکردنی سەرکۆماری لوبنان گەڕایەوە و پاش گەڕانەوەی ڕایگەیاند: ڕێگا بە دەستێوەردانەکانی حیزبوڵڵا نادات و ناهێڵێت حیزبوڵڵا هیچ خەسار و زیانێک بە وڵاتانی عەرەبی بگەیەنێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە نووسینەگەی حەریری بڵاو بووەوە، هاتووە: هەر بابەتێک کە لە لایەن حیزبوڵڵاوە ببێتە هۆی خەسار و زیانی پێگەیاندن بە وڵاتانی عەرەبی رێگا پێنەدراوە و بە توندی دژایەتی دەکرێت.

سەعد حەریری لە ساڵڕۆژی سەربەخۆیی لوبنان لە ڕۆژی چوارشەممە ١ی سەرماوەز ڕایگەیاند: کە بە داواکاریی میشیل عەون سەرکۆماری لوبنان، بۆ پێراگەیشتنی بە کاروباری سیاسیی و ڕاوێژ کردنی زیاتر لەو بوارەدا پۆستەکەی وەرگرتووەتەوە.

ناوبراو داوای لە سەرکۆماری لوبنان کرد، کە هەوڵ بدەن وڵاتەکەیان لە هەمبەر ململانێی ناوچەکەدا بێ‌لایەن بێت و خۆیان لەو کردەوانە بە دوور بگرن کە زەربە لە سەقامگیری و پێوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەدات.

حەریری لە درێژەدا وتی: من چاوەڕوانی ئەوەم هەیە کە بەرژەوەندی لوبنان لە سەروی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکە بێت و خوازیاری پێکەوە ژیانێکی ئارامم.