کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەكیەتی ژنانی دێمۆكرات كۆنفڕانسێكی گشتییان لەژێر ناوی \"خاتوو مینا قازی\" بەڕێوە برد

14:49 - 7 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: یەكیەتی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی سێیەمین كۆنفڕانسی گشتیان بەئامادە بوونی نوێنەری كۆمیتەكانی یەكیەتی ژنان، لەوڵاتی نوروێژ بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رێكەوتی ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٢ی هەتاوی، سێیەمین كۆنفڕانسی گشتیی یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران ــ دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو و لەسەرەتا بەشداران بە تێكڕای دەنگ، كۆنفڕانسەكەیان لەژێر ناوی خاتوو مینا قازی خێزانی پێشەوا قازی محەممەد و یەكەم سكرتێری گشتیی یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ناودێر كرد.

پاشان كۆنفڕانسەكە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەكێك بێ ‌دەنگی بۆ رێز گرتن لەگیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان، دەستی بە كارەكانی كرد و دواتر پەیامی بەرپرسی تەشكیلاتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەدەرەوەی وڵات، لەلایەن بەڕێز مەنسوور عەزیزی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆكراتەوە خوێندرایەوە.

لەدرێژەی كۆنفڕانسەكەدا پەیامی بەڕێز نەسرین قاسملوو، ئەندامی ئیفتیخاریی یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران پێشكەش كرا و دوابەدوای ئەوەش پەیامی بەڕێز ئیلهام چایچی بەرپرسی یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، لەلایەن گوڵەباخ فەتاحییەوە خوێندرایەوە.

لەبڕگەیەكی دیكەی سێیەمین كۆنفڕانسی یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵاتدا، خاتوو سەكینە جەوانمەرد، چەند وتەیەكی سەبارەت بە مێژووی دامەزرانی یەكیەتیی ژنان و بەربەستەكانی سەر رێگای خەباتی ئەو رێكخراوەیە پێشكەش كرد.

دواتر هەركام لەبەڕێزان شكۆفە قوبادی، گوڵاڵە كەمانگەر، شنۆ مێهفەر و پەخشان ئەحمەدی لەسەر شێوازی كاری نوێی بەڕێوەبەریی یەكیەتیی ژنان و پرسە سیاسییەكان بۆ بەشداران دوان.

هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێز پەروانە حەیدەری راپۆرتی ئینترناسیۆنال سوسیالیستی ژنانی پێشكەش كرد.

پاشان لە بەشی دووهەمی كۆنفڕانسدا راپۆرتی كار و تێكۆشانی یەكیەتیی ژنان لە دەرەوەی وڵات پێشكەش كرا و هەر كام لە بەشداران رەخنە وپێشنیاری خۆیان خستە روو و لە بەشی كۆتایی و لە هەڵبژاردنی كۆمیتەی نوێدا، بەڕێز شەهین بەهمەن سوڵتانی وەكوو بەرپرسی گشتیی یەكیەتیی ژنانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات هەڵبژێردرا.

لەكۆتایی ئەو كۆنفڕانسەدا بە پێشكەش كردنی چەپكە گوڵ، رێز لە كۆمیتەی پێشووی یەكیەتیی ژنان ــ دەروەی وڵات، گیرا.