کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران سەرقاڵی دروست كردنی چوار نەخۆشخانە لەعێراقە

22:09 - 15 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: لەحاڵێكدا كە هاووڵاتیانی ئێران بەدەست كەمی نەخۆشخانە و نەبوونی پزیشك و كەلوپەلی پزیشكیەوە دەناڵێنن، رێژیمی ئێران سەرقاڵی دروستكردنی چوار نەخۆشخانە بۆ شیعەكانی عێراقە.
محەممەد حوسێن تەریقەت وەزیری تەندروستی رێژیمی ئێران رایگەیاند، یەك لەو چوار نەخۆشخانەیە لەكەربەلا تەواو بووە و رادەستی لێپرسراوانی عێراقی كراوە.
هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی كردەوە، ئەو چوار نەخۆشخانەیە بە سەرجەم كەلوپەلەكانیانەوە بۆ شیعەكانی عێراق دروست دەكرێن.
وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستۆتە روو، رێژیمی ئێران هەتا ئێستا چەندین پزیشكی بەمەبستی چارەسەریی نەخۆشەكانی عێراق رەوانەی بەغدا و كەربەلا كردووە.
ئەمانە لەحاڵێكدان كە خەڵكی ئێران بەدەست بێ‌ئیمكاناتی و نەبوونی كەلوپەلی پزیشكیەوە دەناڵێنێ‌و چوونە سەری نرخی دەوا و دەرمانەكانیش بڕستی لەخەڵكی بڕیوە و پارێزگاكانی كوردستانی ئێرانیش لەگەڵ ئەو كێشانە بەرەوروون.


كەمی ئیمكانات و كەلوپەلی پزیشكی لەپارێزگای ئیلام خەڵكی نیگەران و سەر لێ‌شێواو كردووە و هاووڵاتیان ناچارن بۆ دابین كردنی دەرمان و چارەسەریی پزیشكی روو لەپارێزگاكانی دیكەی ئێران بكەن.
لەماوەی ساڵانی رابردوودا هێندێ‌بەخشنامە و ئایین نامە لەبواری پزیشكیەوە بۆ پارێزگای ئیلام دیاری و پەسند كراوە، بەڵام هیچ كام لەو بەڵێنی و بڕیارنامانە نەچۆتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە و هاووڵاتیانی بەنیسبەت بڕیارەكانی لێپرسراوانی پارێزگاكە زۆر بێ‌متمانە كردووە.