کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران شەشەمین وڵاتی خراپی جیهان بۆ ژنان دێتە هەژمار

15:48 - 15 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: ئێران بە هۆی پێشێلکاریی مافی ژنان و بارودۆخی نالەباری ژنان، لە نێوان وڵاتانی جیهاندا لە پلەی شەشەم جێگیر بووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامی لە نێوان وڵاتانی جیهاندا لە بواری بارودۆخی نالەباری ژنان و مافی ژنان، لە نێوان ٦ وڵاتی نالەباری جیهان دایە.

فرۆمی جیهانیی ئابووری، وڵاتانی جیهانی بەپێی بارودۆخی ژنان هەڵسەنگاندووە و لەم هەڵسەنگاندنەدا، کۆمەڵێک پێوەر وەک هەلی کاری یەکسان، دەستپێڕاگەیشتن بە تەندروستی و بیمە، دەستپێڕاگەیشین بە خوێندن و تاوتوێکردن و هەروەها بەشداریی سیاسی لەبەرچاو گیراون.

بەپێی راپۆرتی ساڵانەی فرۆمی جیهانیی ئابووری بۆ ساڵی ٢٠١٤ی زایینی وڵاتانی یەمەن، پاکستان، چاد، سووریە، مالی و ئێران بە ریز نالەبارترین وڵاتانی جیهان بۆ ژنان دێنە ئەژمار.

تێڕوانینی ئیدئۆلۆژیک و ئایینی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بووەتە هۆی کەلێنێکی گەورەی رەگەزیی مەبەستدار و واتادار لە نێوان ژنان و پیاوان لە ئێراندا.

لە ئاخرین پلەبەندی کۆبوونەوەی جیهانیی ئابووری، ئێران لە نێوان ١٤٢ وڵاتی جیهاندا لە بواری کەلێنی رەگەزییەوە لە پلەی ١٣٧دا جێی گرتووە.