کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران پلەی یەكەمی لەهەڵاتنی میشكەكان لەدونیادا هەیە/ ٥ میلیۆن خوێندەوار لە دەرەوەی ئێرانن

22:59 - 16 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: چینێكی خوێندەواری ئێرانی لەم ساڵانەی دوایدا بە هۆی كێشە و گرفتی بەردەم رێگایان ئەو وڵاتەیان بەجێ‌هێشتووە و روویان لەوڵاتانی بیانی كردووە.

سەندووقی نێودەوڵەتی پووڵ رایگەیاندووە، ئێران لەچاو وڵاتانی دیكە پلەی یەكەمی لەپێوەندیی هەڵاتنی بژاردە و چینی خوێندەوار لەئاستی دونیادا بۆ خۆی مسۆگەر كردووە.
سەندووقی نێودەوڵەتی پووڵ راشیگەیاندووە، چوار هەتا پێنج میلیۆن ئێرانی كە وەكوو نوخبە و چینی خوێندەوار دێنە ئەژمار لە٢٢ وڵاتی بیانی ژیان بەسەر دەبن.
بە ریز لەوڵاتانی ئەمریکا یەک میلیۆن ٤٠٠ هەزار کەس، ئیماراتی یەكگرتوویی عەرەبی ٨٠٠ هەزار كەس، بریتانیا و كانادا هەر كام ٤١٠ هەزار كەس، ئاڵمان ٢٠٠هەزار كەس، فەرانسە ١٥٥هەزار كەس و سوید ١١٠ هەزار كەس نوخبە و خوێندەواری ئێرانی ژیان بەسەر دەبن.
ئەمە لەحاڵێكدایە كە سەر كۆماری رێژیمی ئێران بەبەردەوامی ئەو ئامارانەی رەت كردۆتەوە و لەو باوەڕەدایە بەكارهێنانی چەمكی هەڵاتنی مێشكەكان شتێكی هەڵەیە.
هەر لەو پێوەندییەدا كارناسان و كۆمەڵناسان رایان وایە، كە ئێران وەكوو گرتووخانەیەك بۆ بژاردەكان دێتە ئەژمار و هەر بۆیەش ئەو رێژەیە لەخەڵكی وڵاتی ئێران بەجێ‌دەهێڵن.
بەپێی ئاماری ناوەندی زانستە مرۆییەكانی ئێران، زۆربەی ئەو كەسانەی كە ئێران بەجێ‌دەهێڵن تەمەنیان لە نێوان ٢٢ هەتا٣٠ساڵ دایە.
هەر بەپێی ئاماری ئەو ناوەندە ساڵانە ١٥٠ هەتا ١٨٠هەزار ئێرانی كە بەمەبەستی خوێندن پەرتەوازەی وڵاتانی بیانی دەبن.