کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ رۆژانە زیاتر لە ١٢٣ هاووڵاتی بە هۆی پیسیی هەوا گیانیان لە دەست دەدەن

12:41 - 11 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە گرینگترین هۆکاری گیان لە دەست‌دان لە ئاستی جیهان‌دا پیسی هەوایە، ٤ شاری گەورەی ئێران لە ١٠ شاری پیسیی گەورەی جیهان جێگایان گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە راپۆرتی نوێی ساڵانەی رێکخراوی جیهانیی بیهداشت کە تازە بڵاو کراوەتەوە، ئێستا یەک میلیارد و ٤٠٠ میلیۆن هاووڵاتیی لە جیهاندا لە ژێر مەترسیی پیسیی هەوادان.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی جیهانیی بیهداشت ، پیسی هەوا وەک سەرەکیترین هۆکاری گیان لەدەست دان لە جیهاندا دادەنرێ.

لە ماوە ساڵی ٢٠١٢ی زایینی، حەوت میلیۆن کەس لە جیهاندا بە شێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆی پیسیی لە ئاکامی پیسیی هەوای دەرەوە یان ناوەوەی ماڵ، گیانیان لە دەست داوە.

نیوترین راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی جیهانیی بیهداشت باس لەوە دەکات کە شارەکانی ئەهواز، سنە، کرماشان و یاسوج لە بواری پیسیی هەوا لە ریزی ١٠ شاری یەکەمی جیهان هەڵکەوتوون.

بە پشت بەستن بە راپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران کە لە رێکەوتی ٢٧ی رەزبەر بڵاو کراوەتەوە، ساڵانە ٤٥ هەزار هاووڵاتیی ئێرانی بە هۆی پیسیی هەوا گیانیان لە دەست دەدەن.

پیسیی هەوا یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی پەرەسەندنی نەخۆشیی شێرپەنجە لە ئێران دایە.

بەپێی نوێترین ئامارەکان، ساڵانە ٧٠ تا ٨٠ هەزار کەس بە ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە زیاد دەبێت.

بەپێی رەوتی هەنووکەیی دۆخی پیسیی هەوا و پەرەسەندنی شێرپەنجە، بەراورد دەکرێت لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا رێژەی تووشبووان بە شێرپەنجە دوو قات ببێتەوە.

کارناسان لە سەر ئەو باوەڕەدان کە بارودۆخی نالەباری ئێستا و پیسیی هەوا لە ئێران، ئاکامی سیاسەتی ئابووریی تاکڕەوانەی رێژیم و لەبەرچاو نەگرتنی باری ژینگە و سڵامەتیی خەڵک لەو وڵاتەدایە.