کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێشتان مایێر: دانوستانی داهاتوو دوایین شانسی رێژیمی ئێران بۆ رێکەوتنە

18:30 - 13 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان، بە راشکاوانە باسی لەوە کرد کە ئەو خولە لە دانیشتنەکان، دوایین دەرفەتی ئێران بۆ گەیشتن بە رێکەوتنە و هەروەها باسی لە پەسندکردنی گەمارۆی ئابووریی نوێ بەدژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی ئاڵمان فرانک واڵتر ئێشتان مایێر رۆژی دووشەمە رێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە پەیوەندی لەگەڵ دانوستانە ناوکییەکانی شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی لەگەڵ رێژیمی ئێران رایگەیاند، دانوستانەکانی ئێستا کە کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت، داویین شانسی رێژیمی ئیران بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی درێژخایەن دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان کە پێشتریش رایگەیاندبوو مەبەستی رێژیمی ئێران لە دانوستانە ناوکییەکان تەنیا کڕینی کاتە، جەختی کردەوە کە ئەگەر رێژیمی ئێران خوازیاری دۆزینەوەی رێگا چارەیەک بۆ دانوستانە ناوکییەکان بێت دەتوانین پێشنیارێک بدەین کە وەرنەگرتن و پێڕەو نەکردنی لەلایەن ئێرانەوە دژوار بێت.

ئێشتان مایێر لە درێژەدا وتی: ئەگەر لەو خولە لە دانوستانەکان نەتوانین بە رێکەوتنێکی درێژخایەن بگەین، بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی نێوان دەورەیی ئامریکا لە ئارا دایە، ناوەندە بڕیاردەرەکانی ویلایە یەکگرتووەکان بڕیاری نوێ لەمەڕ سەپاندنی گەمارۆکانی دژی رێژیمی ئێران پەسند دەکەن و ئەوەش شانسی دووپات بوونەوەی دانوستانەکان لە ناو دەبات.

ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی هەڵبژاردنە سەرتاسەرییەکانی ئامریکا بەڕێوە دەچێت کە لەو هەڵبژاردنانەدا چارەنووسی ٤٣٥ کورسی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا و ٣٣ کورسی لە ١٠٠ کورسی سێنای ئەو وڵاتە یەکلایی دەبێتەوە.

پێشتریش فرانک واڵتر ئێشتان مایێر وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان رایگەیاندبوو کە دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ رێژیمی ئێران لە پێناو پێشپێگرتنی ئەو رێژیمە لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی چووەتە پێش و جەختی کردبووەوە کە دەبێ دانوستانە ناوکییەکان لە سەر بنەمای سەرەکی و دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنێکی قایم و پتەو بێت هەتا رێژیمی ئێران دەستی بە چەکی نەگات.