کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێلستر: گوشاری ئابووری، بەربەستە سیاسییەکان و توندوتیژی دژی ژنان خەڵكی ئێران دەهێنەتە سەر شەقامەکان

20:08 - 24 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دامەزراوەی نێودەوڵەتیی نومورا رایگەیاندووە کە بە هۆی گوشارە ئابوورییەکانی سەر خەڵکی ئێران، ئەو وڵاتەی کردووە بە چوارەمین وڵاتی جیهان کە ئەگەری ئەوەی هەیە خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێلستر نیوتۆن، لێکۆڵەری باڵای سیاسیی دامەزراوەی نێودەوڵەتیی نومورا لە ژاپۆن کە خزمەتگوازری راوێژکاری ئەمنییەتی – ئابووری ئەنجام دەدات لە راڤەیەکدا، ١٠ وڵاتی جیهان کە خەڵکەکەیان ئامادەی دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرینیان لە سەر شەقامەکان هەیە بڵاو کردووەتەوە.

سێ فاکتەری سەرەکیی نابەرابەریی ئابووری، گەندەڵی و ناڕەزایەتیی خەڵک لە دەوڵەت لەو لێکۆڵینەوەیەدا وەکوو دینامیزمی ناڕەزایەتییەکان ئاماژەی پێکراوە کە دەتوانێت خەڵک بێنێتە سەر شەقامەکان.

ئێلستر نیوتۆن، لێکۆلەری باڵای سیاسیی دامەزراوەی نێودەوڵەتی نومۆرا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەگەری ئەوە هەیە لە دە وڵاتدا خۆپێشاندانی بەرین سەرهەڵ بدا کە یەکێک لەو وڵاتانە ئێرانە.

ئێران دوای وڵاتانی ئارژانتین، برێزیل و چین پلەی چوارەمی لە جیهاندا هەیە کە ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە خەڵک بۆ ناڕەزایەتیی دەبڕین بڕژێنە سەر شەقامەکان.

ئەم لێکۆلەرە سیاسییە لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران نووسیویەتی: گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، ئابووری رێژیمی ئیسلامی ئیفلیج کردووە و هەروەها نرخی بێکاری زۆرە و بەربەستەکانی ئازادیی سیاسی و توندوتیژی دژی ژنان وەک خۆی ماوەتەوە.

وڵاتانی نیجریە، رووسیە، عەرەبستان، وێنزوئێلا، فەلەستین و شیلی لە پلەی پێنجەم هەتا دەیەمی ئەو رێزبەندییە دانە.