کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كەبوودوەند: پاڵێوراوانی سەركۆماریی لەگەڵ رەوتی دژی ئازادی و دێمۆكراسی و مافی مرۆڤن

15:15 - 21 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: محەممەد سەدیق كەبوودەوەند بەرپرسی دەسبەسەركراوی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لەپەیامێكدا لەزیندانی ئێوینەوە رایگەیاند، ویست و داخوازی كوردەكان تەنیا لەچوارچێوەی هەڵبژاردنەكاندا قەتیس كراوەتەوە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، كەبوودوەند رایگەیاندووە، لەو هەڵبژاردنانە، گەورەترین حەشیمەتی ئێران لەدوای شیعەكان واتە، كورد، بەلووچ و توركەمەن وەكوو كەمینە نەتەوەییەكان لەمافی كاندیدا بوون بێبەری كراون و تەنیا مافی دەنگدانیان هەیە و لەو پێوەندییەدا ژنانیش كە پێكهێنەرانی نیوەی كۆمەڵگان لەو مافە بێبەشن.
بەرپرسی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان وتوویەتی: لەلایەكی دیكەوە دەبینین 8 كەس لەئێران وەكوو پاڵێوراوی پۆستی سەركۆماریی لەلایەن شۆرای چاوەدێرییەوە تەئیدی سەلاحییەت كراون و ئەوانە لەبواری فێكرییەوە بناژوخواز و بیرتەسك و لەگەڵ رەوتی دژی ئازادی و دێمۆكراسی و مافی مرۆڤن.
كەبوودوەند لەو باوەڕەدایە، لەنێو ئەو پاڵێوراوانەدا یەك یان دوو كەسیان هەن كە باسیان لە مافی قەوم كردووە و چاوەڕوانی ئەوە دەكرێ‌ئەو دروشمانە تەنیا بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكان بێت.
محەممەد سەدیق كەبوودوەند لەپەیامەكەیەدا وتوویەتی: پێویستە یاساكان لەئێران ئاڵوگۆڕیان بەسەردا بێت و مافی دێمۆكراتیكی قەوم و نەتەوە و كەمینەكان لەئێران بخرێتە بواری جێبەجێ‌كردنەوە و پێویستە ئەوان بتوانن لەمافی سیاسیی وەك یەك كەڵك وەربگرن.