کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەشکەنجە و ئیعدامی ١١ هەزار هاووڵاتیی سووری لەلایەن رێژیمی بەشار ئەسەدەوە

20:00 - 22 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: دوای دەستپێکی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوخۆیی سووریە، هەزاران کەس لە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بێ سەروشوێن بوونە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێژیمی بەشار ئەسەد بۆ راگرتنی دەسەڵاتی خۆی لە سووریە، پاش دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە سەرەڕای سەرکوتی دژبەران و بوردومان کردنی شارەکانی سووریە دەستی بە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و ئەشکەنجە و ئیعدامی هاووڵاتییان کردووە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی لە سووریە و چاودێری مافی مرۆڤی سووریە، هەنووکە لانیکەم ٨٥ هەزار سووری بە شیوەی سەرەڕۆیانە لەلایەن رێژیمی بەشار ئەسەدەوە لە ماوەی ٤ ساڵی رابردوودا دەستبەسەر کراون.

هەروەها لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سوریەوە ٢ هەزار و ٦٠٠ کەس بێ سەروشوێن بوونە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، کۆمیسیۆنی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریە کە مانگی ئاوڕیلی ساڵی ٢٠١١ی زایینی بۆ تۆمارکردنی تاوانەکانی شەڕ دامەزراوە، دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزەکانی بەشار ئەسەدەوە و بێ سەروشوێن بوونی ژمارەیەکی زۆر لەو پیاوانە کە تەمەنی شەڕیانهەبووە بە بەڵگە نیشان دراوە کە بەپێی دۆخی ئێستای سووریە ئاماری راستەقینە زیاتر لەو حاڵەتانەیە کە بڵاو کراوەتەوە.

لەو بارەیەوە چاودێری مافی مرۆڤی سووریە رایگەیاندووە کە لە شارەکانی حەڵەب، دەمیشق، دەرعا، حۆمس، ئەدلەب و لازقییە لە ٢٧ گرتنگەی رێژیمی سووریە بوونیان هەیە و دەستبەسەرکراوان بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجە دەکرێن.

چاودێری مافی مرۆڤ جەختی لە سەر کوتەککاری درێژماوە، دەستدرێژی، شۆکی ئیلیکتریکی، ئیعدام، سووتان و نینۆک کێشانی دەست و لاقی دەستبەسەرکراوان رایگەیاندووە کە ١١ هەزار زیندانی سیستماتیک ئەشکەنجە و ئیعدام کراون.

لەو پەیوەندییەدا پێشتریش رێژیمی بەشار ئەسەد چەندین جار لەلایەن رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و ناوەندکانی دیکەی مافی مرۆڤەوە بە جەنایەت دژی مرۆڤایەتی مەحکووم کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا لەمانگی خەرمانانی ئەمساڵیشدا کۆمیسیۆنی توێژینەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رێژیمی بەشار ئەسەدی بە جەنایات دژی مرۆڤایەتی مەحکووم کرد.